مانگرتن لە خواردن لە قامیشلۆ کۆتایی هات

مانگرتن لە خواردنی قامیشلۆ بە پەیامی مەزنکردنی تێکۆشان تا ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی هات.

دەسپێشخەریی گەلی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوری کوردستان و تورکیا بە درووشـمی "سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانەکان دەکەین و بە ڕۆح و بەهای شەهیدان ڕێبەرمان ئازاد دەکەین" لەبەردەم کۆمیسەری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڕەکی سیاحی قامیشلۆ، خێمەی چالاکی دانا.

لەژێر خێمەکەدا، ئەندامی دەسپێشخەریی گەل، سەمیرە محەمەد سڵاوی لە بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چالاکوانانی مانگرتن لە خواردن کرد و گوتی: "لەسایەی فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕاستی و جەوهەری گەلان دەرکەوت. بۆیە هەموو پێکهاتەکان دژی فاشیزمی تورک دەوەستن کە دژی هیوا و ئامانجی گەلانە، هەروەها بانگەواز بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی دەکەن".

سەمیرە ڕایگەیاند: "سیاسەتی گۆشەگیری و قڕکردن ئێمە لە ڕیبەرێتی دانابڕێت و تێکۆشانمان لەناو نابات".

ئەندامی مەجلیسی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، عوبەید عەتێ، گوتی: "فیکری ڕێبەرێتی ئەمڕۆ بۆتە هیوای گەلانی جیهان کە ئەمڕۆ لەژێر ستەمی ڕژێمە هەژموونگەراکان دەناڵێنن. بۆیە تەواوی گەلانی کوردستان و ئەفریقا و ئەمریکای باشور و ئەوروپا بانگەوازی ئازادی جەستەیی وی دەکەن".

عەتێ دووپاتی کردەوە، تا دێت پێداگرتر دەبن لەسەر ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی نێو زیندانەکانی دەوڵەتی تورک.

چالاکییەکە بە خوێندنەوە ڕاگەیاندراوێک لەلایەن ئەندامی دەسپێشخەریی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، سلێمان ئەحمەد، کۆتایی هات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێڕشەکانی قڕکردن و سەپاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەل لە تێکۆشان و بەرخۆدان دوورناخاتەوە، چونکە تەنها نوێنەرایەتی گەلێک ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی تەواوی گەلان و دۆزەکانیان دەکات، لەپێناو دادپەروەری تێدەکۆشێت.

بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و (سی. پی. تی.) کرا، دەربارەی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کاربکەن.

لەکۆتاییدا بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان دووپاتکرایەوە، تاوەکو دەنگی خۆیان بگەیەننە تەواوی جیهان بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانی ئیمراڵی.

چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن سبەی لە عامودا ٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.