ئەندامی کەنەکە رەفیق غەفور رایگەیاند، کە دەوڵەتی تەرک چەندین ساڵە هێرش دەکاتە سەر بزوتنەوەی ئازادی کورد و بە بیری هێنایەوە کە دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر گەریلادا نەیوتانیوە سەربکەوێت، بۆیە بەدوای رێگە و رێبازی نوێدا دەگەرێت. غەفور ئەوەشی خستەڕوو کە بەتایبەتی لە شەڕەکانی زاپ و ئاڤاشیندا گورزی گەورەیان لەسەر دەستی گەریلا بەرکەوتووە و هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە بەردەوام دەوڵەتی تورک لەگەڵ عێراق لە پەیوەندیدایە و سەردانەکانی بۆ عێراق زیاد کردووە. غفور ئاماژەی بەوەشکرد، "دەوڵەتی تورک ماوەی چەند مانگە سەردانەکانی بۆ عێراق زیادکردووە. دەیەوێت بە شێوەیەکی فەرمی عێراقیش لەو شەڕەدا تێبگلێنێت و هێرشێکی نوێ دەستپێبکەن.یان خۆیان دەچنە عێراق، یان بەرپرسانی عێراقی بۆ ئەنقەرە بانگهێشت دەکەن. حکومەتی هەرێمیش لە ژێر کۆنتڕۆڵی لایەنێکدا بە گوێرەی بڕیارەکانی ئەوان دەجوڵێنەوە. خۆی لە خۆیدا بە ئاشکرایی باس لە دۆستایەتی خۆیان و دەوڵەتی تورک دەکەن.
رەفیق غەفور سەرنجی راکێشا بۆ سەر کردەوە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بری ئەوەی دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بوەستنەوە، بە پێچەوانەوە هەندێک جار ئاسانکاری بۆ داگیرکەری دەکەن، لۆجستی بۆ دابین دەکەن، لە رووی سیاسی و دیپلۆماسیەوە پشتیوانی لێدەکەن، بەردەوامیش پڕۆپاگەندەیان بۆ دەکەن. دەوڵەتی تورک ئێستا هەموو قورسایی خۆی خستووەتە سەر حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چۆن ئەوان لەم شەڕەدا بەشدار بکات. بۆ ئەوەش بەردەوام لە هەوڵدایە. گوشار دەخاتە سەر عێراق، ئاو لە عێراق دەگرێتەوە و رێگەی گواستنەوەی نەوت بەکاردەهێنێت. ئێستاش بریاری داوە بۆ ئەوەی نەوتی عێراق، نەوتی کوردستان واتە نەوتی کەرکوک بباتە جەیهان هێڵێکی گواستنەوەی نەوت دروست بکات. بۆ ئەوەی عێراقیش لە شەر دژی هێزەکانی کوردستان و بزوتنەوەی ئازادی کوردستان تێوەبگلێنێت، ئەوانە دەکات".
رۆژەڤی سەرەکی کەنەکە پرسی داگیرکەری دەوڵەتی تورکە لە دژی باشوور
غەفور دەستنیشانی کرد کە رۆژەڤی سەرەکی کەنەکە پرسی داگیرکەری دەووڵەتی تورکە لە دژی باشوور و ئەوەی خستەڕوو، "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ لەئارادایە و لە کوردستانیش ئەو دۆخە دەخرێتەڕوو، کە کوردستان دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. حکومەتی ئەردۆغان خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە دەکات. بۆ ئەوەش ئەمە بووەتە رۆژەڤی سەرەکی کۆمەڵگاکەمان. چونکە ئەو هێرشە تەنیا هەڕەشەیەک لە دژی کوردستان نییە، لە باشوور ئەو دەستکەوتانەی رۆڵەکانی کورد بە قوربانیدانی گەورەوە بە دەستیان هێناوە، لەناو دەبرێن. بۆیەش پێویستە گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستان ئەو راستیە ببینن؛ 'بە هاریکاری حکومەتی عێراق هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر باشووری کوردستان هەیە".
رەفیق غەفور سەرنجی راکێشا بۆ سەر داواکاری دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "واتە ئابوری، خاڵە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکانیشیان لە دەستیان سەندەوە. ئەگەر ئێستا هێرشێکی دیکە ئەنجام بدرێت، هەرێم لەناو دەچێت. بە کورتی ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەوەیە، کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک لەناوببات. وەک باسم کرد، ئیدارەی حکومەتی هەرێم تاکلایەنە مامەڵە دەکات و دەڵێت هێزەکانی پەکەکە لێرەن. باشە ئەگەر هێزەکانی گەریلا قەندیل جێبهێڵن دۆخی گەل و ئابوری باشتر دەبێت؟ مەگەر هێزەکانی گەریلا مووچەی خەڵکیان بڕیوە، رێگەیان لە هەناردەکردنی نەوت گرتووە، کارەبای گەلیان پچڕاندووە، بوونە مایەی برینی نانی گەل؟ دەبێت گەلەکەمان ئەو راستیە ببینێت و بڕوا بە پڕۆپاگەندەی ناوزڕاندن و رەشکرند نەکات".
هـ . ب