قەسەدە: لە عەین عیسا ١٠ داگیرکەر کوژران

قەسەدە رایگەیاند، بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە لە عەین عیسا شەڕ روویدا و لە ئەنجامدا ١٠ داگیرکەر کوژران و چەندین چەتەش بریندار بوون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە:

"دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەم رۆژانەى دوایدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کردووە و هێرش دەکاتە سەر شوێنی ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و بە هۆی ئەو هێرشانەوە زیانێکی زۆری ماددی بە هاووڵاتییان گەیشتووە. ئامانجی ئەو هێرشانە ئەوەیە، کە گەلی ناوچەکە ناچار بە کۆچکردن بکەن. داگیرکەران لە رۆژی رابردوودا لە هێڵی عەین عیسا دا لە چەندین گوند و لەسەر رێگای ئێم ٤ هێرشیان ئەنجامدا و هاوکات فڕۆکەى جەنگی و فڕۆکەى چاودێری بە ئاسمانی عەین عیسادا دەسوڕانەوە.

لە بەربانگی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا گروپێک لە چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەوڵیاندا بە دزییەوە بڕۆنە ناو ناوچەى عەین عیساوە. لەبەرامبەر ئەو هەوڵە دزیکارییەدا یەکەی شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی عەین عیسا بەرەنگارییان بوونەوە و لە دەورووبەری گوندی سەیدا شەڕ روویدا. لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا ١٠ چەتە کوژران و چەندین چەتەی تریش بریندار بوون".

ژ.ت