تەڤ-دەم: شەش ساڵە نەژادپەرستی و شۆڤێنیزم لە عەفرین بەردەوامە

تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) لە ٦ـەمین ساڵوەگەڕی عەفریندا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردە و وتی: "لەم شەش ساڵەی دوایدا سەپاندی بیری شۆڤێنی و نەژادپەرستی بوونی هەیە."

لە ڕاگەیاندراوەکەی تەڤ-دەم شەهیدانی بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژەی عەفرینی یادکردەوە و ئەوە دیاریکراوە؛ بەرخۆدانی گەل بە هیوای ڕزگارکردنی عەفرین بەردەوامە.

لە ڕاگەیانداوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە؛ دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ماوەی شەش ساڵە لە عەفرین سیمبوڵەکانی نەتەوەی کورد، پەرستگا، شوێنەوارە مێژوویەکان هەڵدەوشێنێتەوە، بە بیرێکی شۆڤێنی، نەژادپەرستی لە سەر خاکە کشتوکاڵیەکاندا یەکەی نیشتەجێبوون دروستدەکات، بەم شێوەیە خواستێتی دیموگرافیایی هەرێمەکە بگۆڕێت.

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە دیاری کراوە؛ دەوڵەتی تورک خواستێتی عەفرین لە هەرێمەکە دابڕێت، بۆ ئەم مەبەستە پارە و زمانی تورکی دەسەپێنێت، بە دەستی چەتەکانی کاری نا ئەخلاقی وەکو دزی و تاڵانی ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە بەردەوامە: "بە هەزاران کەس لە عەفرین بێ سەروشوێنن. چەندانی تر لە زیندانەکانی توکیادان. ماڵ و موڵکیان داگیرکراوە. بە ملیۆنان داری زەیتوون لە ڕەگەوە هەڵکێشراون. لەم ماوانەی دوایدا منداڵێک بە شێوەیەکی دڕندانە لە جندریس کوژرا. بەم خواستەوە ڕێگری لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز دەکرێت."

هەر لە ڕاگەیانداوەکەدا بێدەنگی هێزە نێونەتەوەیەکان لە دژی داگیرکاری و قڕکردنەکان شەڕمەزارکراوە و بانگەوازی ئەوەکرا: "داگیرکارییەکان بە ڕازیبوونی هێزە نێونەتەوەیەکانەوە ئەنجامدرا. ئەو هێزانە لە بەرامبەر ئەم تاوانە ترسناکەدانە لە کوێن؟ گەلی هەرێمەکە دوچاری کارەسات بوونەتەوە. بانگەواز لە هەموو ڕێکخراوەکان، ڕێکخستنی جڤاکی سڤیل و لایەنە سورییەکان، ڕای گشتی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە بوێری نیشانبدەن و دەستوەردانی بەپەلە بکەن."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە گەلی عەفرین لە بارودۆخێکی خراپی گوزەراندان و وێڕای گەمارۆی کامپی شەهبا لە لایەن حکومەتی شامەوە بە هیوای گەڕانەوە خەبات دەکەن و ئەم بانگەوازییە لە هێزە سیاسی و نەتەوەییەکان کرا: "داوا لە هەموو هێزە سیاسی و نەتەوەییەکان، ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان، ژن و گەنجان و چالاکوانان دەکەین، بۆ ڕزگارکردنی عەفرین وهەرێمەکانی تر پشتگیری لە بەرخۆدانەکانی خەڵکی عەفرین بکەن و ڕزگارکردنی عەفرین بکەن بە دەستپێکی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی."