تورکیا بەبێ هۆکار پەنابەرانی سوری دیپۆرت دەکاتەوە

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە تورکیا بەبێ هۆکار پەنابەران سوری دیپۆرت دەکاتەوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا پەرە بە "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە"ی ئاوارەکانی سوریا دەدەن. ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو پرسە بڵاوکردەوە و لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کرد کە لە نێوان مانگی شوبات تا تەمموزی ٢٠٢٢ دەسەڵاتدارانی تورک، سەدان پیاو و گەنجی پەنابەری سوریا دەستگیر کردووە و ڕەوانەی سوریایان کردوون.

رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا هۆشداری داوە و رایگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی تورک یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن.

بەشێك لە سورییە دیپۆرتكراوەكان بە رێکخراوەکەیان راگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی تورك هەڵیانکوتاوەتە سەریان لە ماڵەكانیان و شوێنی كارەكانیان و لە شەقامەكا و لە دۆخێكی خراپدا ڕاگیراون و سوكایەتیان پێكراوە. هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ناچاربوون فۆڕمی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ واژۆ بكه‌ن، دواتر بردراونه‌ته‌ ناوچه‌كانی سنوری باكوری سوریا و دەمانچەیان لێڕاکێشراوە و بە ناچار چوونەتە سوریا.

نادییە هاردمەن، لێکۆڵەری مافی پەنابەرانی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند: تورکیا سەدان پەنابەری سووری دەستگیرکردووە و ناچاری کردووە بگەڕێنەوە سوریا. بەمەش یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کردووە.

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ نزیکبوونەوە لە حکومەتی دیمەشق، ئەردۆغان ڕایگەیاند کە دەیەوێت ملیۆنێک ئاوارە لەو ناوچانەی باکوری سووریا نیشتەجێ بکات کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دیمەشقدا نین.

لە پرۆژەکەی ئەردۆغاندا ١٣ ناوچەی داگیرکراو هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی عەزاز، جەرابلوس، باب لە باکوری حەلەب، گرێ سپی و سەرێکانییە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. ئەو کردەوەیەش بە هاوکاری ئەنجومەنە خۆجێیەکان ئەنجام دەدرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی چەتە جیهادیەکان و پاشماوەکانی داعش و ئەلنوسرەدان.

دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە ئاڵۆزە و چەتەکان لەسەر قاچاخچێتی و موڵکی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە کە بەزۆر ئاوارە بوون، ڕێک ناکەون. لەلایەکی دیکەوە لەو ناوچانەدا کردەوەی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو ناوچانە ئارام نین.

ف.ق