وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: تورکیا تاکە لایەنە پشتیوانی لە شانەکانی داعش دەکات

عەلی حەسەن وتەبێژی هێێزەکانی ئاسایشی ناخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، دەوڵەتی تورک تاکە لایەنە، کە پشتیوانیی  سەرەکی لە شانەکانی داعش لە ناوچەکەدا دەکات.

عەلی حەسەن وتەبێژی هێێزەکانی ئاسایشی ناخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA)ی راگەیاند، هەندێک لایەن لە پشت شانە نهێنییەکانەوە، کە هەوڵ دەدەن فیتنە لە نێوان دانیشتوانی هەرێمەکەدا دروست بکەن.

عەلی حەسەن راشیگەیاند، "دوای تەواوبوونی شەڕی کلاسیک لە ناوچەکەدا، هەندێک لایەن و دەوڵەت دەستیان بە شەڕی تایبەت لەناو کۆمەڵگەدا کردووە و توێژی گەنجانیان کردووەتە ئامانج تاوەکو کۆمەڵگە لە بەر یەک هەڵبوەشێنن. ئەوەش لە رێگەی بڵاوکردنەوەى ماددەی هۆشبەر لەلایەن تۆڕەکانی بازرگانی و سیخوڕییەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە سایەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هەڵمەتی 'ژیان بەرپرسیارییە' ٩٣٣ بازرگان و کەسانی فرۆشیار و تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران و رادەستی داواکاری گشتی کراون تاوەکو بەپێی یاسا سزا بدرێن".

لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەو لایەنانەى پشتیوانی لەو هێرشە تیرۆریستییانە دەکەن، حەسەن وتی، "شانە نهێنییە دەستگیرکراوەکان، بە تایبەتی ئەوانەى دێرەزۆر، کە هەوڵ دەدەن شێخەکان، سەرۆک عەشیرەتەکان،  ریشسپییانی عەشیرەتەکان، هاووڵاتییانی مەدەنی، ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج راستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە پشتیوانییان لێدەکرێت. تاوەکو فیتنە لە نێوان پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دروست بکەن و داعش لە ناوچەکەدا زیندوو  بکەنەوە".

عەلی حەسەن لە کۆتایی وتەکانیدا وتی، بە ناوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڵێن دەدەین، کە لە بەرامبەر هەموو کردەوە تیرۆریستییەکان بوەستینەوە و لە بەرامبەر شانە نهێنییەکاندا ببینە قەڵغان و پارێزەری گەلەکەمان.
ژ.ت