ژنانی شەهبا بۆ ژینا ئەمینی رێپێوانیان کرد

ژنانی شەهبا بۆ ژینا ئەمینی، کە بە دەستی پۆلیسی "ڕەوشت" کوژرا، ڕێپێوانیان ئەنجامدا و سڵاویان لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.

بە پێشەنگایەتیی کۆنگرەی ستاری هەرێمی عەفرین، هەزاران ژن بە دروشمی "دەنگی ژنانی ڕۆژهەڵات لە دژ دەسەڵات دەبێتە بناغەی شۆڕشی پاراستن بۆ هەموو ژنان" هاتنە مەیدان. ژنان کوشتنی ژینا ئەمینییان شەرمەزار کرد و سڵاویان لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات و ئێران کرد.

 ژنان لە ڕێگای نێوان تل قەراه و  کامپی سەردەم لە شەهبا دەستیان بە ڕێپێوانیان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا وێنەکانی ژینا ئەمینی، پۆستەرەکانی "تاڵی قژی ژینا بڵێسەى شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی داگیرساند"، "بەسە بۆ کۆمەڵکوژی ژنان" و "سەدەی ٢١ دەبێتە سەرەتای ئازادیی ژنان"، بەرزکرابوونەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا، ژنان بە بەردەوامی دروشمیان دەوتەوە و سڵاویان لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها بەرخودانی گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد و تاوانەکانی دژ بە ژنانیان شەرمەزارکرد.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی کامپی ناوچەی ئەحداس ڕاوەستا. لەوێ بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان بێدەنگی بەڕێوەچوو. دوای ڕێزگرتنەکە، سەرەتا شیراز حەمۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری هەرێمی عەفرین قسەیکرد.

حەمۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەوڵەتە فاشیستەکان لە هەوڵی پاکتاوکردنی گەلاندان و وتی: کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەسەڵاتی  ئێرانەوە درێژەپێدەری سیاسەتی جینۆسایدکردنی ژنانە".

حەمۆ بێدەنگیی ڕێکخراوە مرۆیی و یاساییەکانی لە بەرامبەر کوشتنی ژنان شەرمەزار کرد و داوای لێکردن، کە لە دژی تاوانەکانی کوشتنی ژینا ئەمینی ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و دەسەڵاتی ئێران ڕیسوا بکەن.

شیراز حەمۆ ڕایگەیاند، دانیشتوانی عەفرین پشتگیریی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن.

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم و سڵاوکردن لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات کۆتایی هات.

ژ.ت