ئیلهام ئەحمەد: تورکیا دەیەوێت خۆی بگەیێنێتە سنووری عوسمانیەکان

ئیلاهام ئەحمەد رایگەیاند، دەستوەردانی دەوڵەتی تورکیا لە لیبیا بەشێکە لەو پلانەی دەیەوێت خۆی بگەیێنێتە سنوورەکانی ئیمپراتوری عوسمانی و جەختیشی کردەوە، تورکیا بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، لە لیبیا و میسر و باکوری ئەفریقا سەر لە نوێ داعشی زیندوو کردووەتەوە.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک لە بارەی دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە لیبیا، قەیرانی ئەو وڵاتە و لێدوانەکەی حکومەتی ئەلمانیا لە بارەی بوونی دەوڵەتی تورکیا لە سوریا و شەشەمین کۆبونەوەی باڵای ئاستانا و بارودۆخی ئیدلب، وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەوانی دایەوە.

تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا لە لیبیا لەگەڵ حکومەتەکەی ساراج لەسەر ئاستی سەربازی و دەریایی چەند پەیمانێکی ئیمزا کرد و لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩وە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی لیبیا وەردەدات. ئامانجی تورکیا لەو دەستەوەردانە چیە؟

ئیلهام ئەحمەد:- ماوەیەکی دوور و درێژە تورکیا لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دەرەوەیدا، بە دروشمی "نەبوونی هیچ کێشەیەک" هەوڵیدا لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە تووشی هێچ کێشەیەک نەبێت، بەڵام بارودۆخەکە بە پێ دڵی ئەوان نەرەخسا و بەڕێوە نەچوو. چونکە هەوڵیدا ببێت بە رێگر لە بەردەم بەرژەوەندیی دەوڵەتی تر. بەم شێوەیە لە جیاتی "نەبوونی هیچ کێشەیەک" لە نێوان ئەو و دەوڵەتانی دیکە کێشە و ئاڵۆزی هاتنە ئاراوە. بە تایبەت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا رووبەرووی کێشەی جدی بووەوە. بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەروپا هەوڵێکی زۆریدا. بەڵام کێشە ناوخۆیەکانی بوون بە رێگر بۆ ئەندامبوون لەو یەکێتیەدا و لەمەدا سەرکەوتوو نەبوو.

ویستی لە ژێر ناوی 'ئیسلام' لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەکانیش پەیوەندیەکی باش دروست بکات، بەڵام ئەمەش بە پێی داوای ئەوان بەڕێوە نەچوو. چونکە لە سوریا پشتیوانی لە گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان، بە تایبەت داعش کرد. ئەمە کێشەی جدی دروست کرد لە نێوان تورکیا و وڵاتانی عەرەبیدا. دوایین جاریش دوای ئەوە تورکیا دەستی لە کاروباری لیبیا وەردا، ئەوروپاش ئیدی تورکیای پشتگوێ خست، داواکاریەکانی تورکیایان بە نادیدە گرت و سەریان لە بەر فشارەکانی تورکیا نەڤی نەکرد. هەروەها ئەو پەیوەندیانەی کە ویستی لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەکان دروستی بکات، پێچەوانە بوونەوە.

ئامانجی تورکیا لە دەستوەردانی لیبیا ئەوە بوو کە ئەوروپا و دەوڵەتە عەرەبیەکان لە باکوری ئەفریقا گەمارۆ بدات. میسر و عیمارات و عەرەبستانی سعودیەش ئەو وڵاتانە بوون کە زیاترین زیانیان بەردەکەوێت. هاوکات دەوڵەتانی ئەروپاش زیانیان بەردەکەوێت. چونکە دەوڵەتی تورک، لە تورکیاوە تا دەگاتە لیبیا سنووری نوێ دەریایی دروست دەکات. بەم شێوەیە دەیەوێت رێگری لە غازی سروشتی و ئەو نەوتەی دەچێت بۆ ئەوروپا، بکات.

دەوڵەتی تورک دەیەوێت ببێت بە سەرکێشی هەموو بزوتنەوە ئیسلامیەکانی جیهان

سەرەتا تورکیا و روسیا، لە لیبیا وەکو دژبەری یەکدی دەهاتنە بەرچاو و پشتیوانی لایەنە دژبەرەکانیان دەکرت. بەڵام دواتر رێکەوتنیان کرد و هێزەکانی نشتیمانی سەربازی کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات، پێشڕەویان کرد. لێرەوە ئاشکرا دەبێت کە روسیا و تورکیا رێکەوتنیان کردووە. بێگومان ئەم رێکەوتنەش بۆ رێگریکردنە لە چوونی غازی سروشتی و ئەو نەوتەی بەرەو ئەوروپا دەچێت. ئامانج لێی گەمارۆدانیەتی. دەوڵەتی تورک هاوکات دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان سەرکێشی بۆ هەموو بزوتنەوەی ئیسلامیەکان بکات. پڕۆژەی هەیە بۆ بزوتنەوە ئیسلامیەکانی سوننە مەزهەب. تا ئێستا سعودیە پێشەنگایەتی ئەم بلۆکەی دەکرت. بلۆکی شیعەش هەیە کە ئێران پێشەنگایەتیی دەکات. تورکیا دەیەوێت سەرکێشیی ئەم بلۆکە لە سعودیە بسەنێت. لەسەر ئەم بنچینەیە دەست لە کاروباری دەوڵەتان و ئەم گروپانە وەردەدات.

دەوڵەتی تورکیا بە گەشەپێدانی پرۆژەی بلۆکی سوننەی ئیسلامی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی سەردەمی ئیمپراتوری عوسمانی. بۆیە ئامانجی تورکیا تەنها بەدەستهێنانی نەوت و غاز نیە، بەڵکو هاوکات گەمارۆدانی وڵاتە عەرەبی و ئەوروپیەکانە. دەیەوێت بگەڕێتەوە سنوورەکانی ئیمراتوری عوسمانی.

تورکیا دەیەوێت ببێت بە زلهێزێک لەسەر ئاستی جیهان. وەکو روسیا و ئەمریکا و چین دەیەوێت ببێت بە وڵاتێک کە بکەوێتە پێشبرکێ جیهانیەکانەوە. دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، خاوەنی پڕۆژەیەکی بەم شێوە داگیرکاریە. بۆیە لە چەندین ناوچە بەرەی دروست کردووە. دەیەوێت کاریگەری لەسەر وڵاتە عەرەبی و ئەوروپیەکان دروست بکات و بەم شێوەیە لەسەر ئاستی جیهان ببێت بە زلهێز و رێگری بکات لە بەرژەوەندی وڵاتانی جیهان.

لە بارەی سیاسەتی تورکیا لەسەر لیبیا، بە تایبەت لە کاتی سووربوون لەسەر داگیرکردنی 'سیرتە'، دەوڵەتی میسر و فەرەنسا ناڕەزایەتیەکی توندیان پیشاندا. میسر لە بارەی 'سیرتەوە' وتی هێڵی سوورە بۆ ئێمە. ئەم ناڕەزایەتیە چۆن شیرۆڤە دەکەن؟ ئایا چاوەڕوان دەکرێت بارودۆخی لیبیا شەڕێکی هەرێمی بە دوای خۆیدا بهێنێت؟

ئیلهان ئەحمەد:- سەرەتا تورکیا و رۆسیا لە بارەی لیبیاوە لە پێشبڕکێدا بوون، بەڵام دواجار رێکەوتنیان کرد. دواتریش چەندین وڵاتی ئەوروپا وەکو ئەوەی درەنگ هەستیان پێکردبێت، زانیان کە ئەو رێکەوتنە لە دژی بەرژەوەندیەکانیانە. تێگەیشتن کە کەوتوونەتە ناو گەمارۆیەکەوە. یونان و قوبرس کەوتنە جموجوڵ و سنوورێکی نوێی دەریاییان دیاری کرد. هەڵوێستەکانی دژی تورکیا توند بوون. فەرەنسا بوو بە پێشەنگی ئەمە و داوای لە تورکیا کرد کە هەڵوێستەکەی روون و ئاشکرا بکات. رایگەیاند کە لە ئۆپڕاسیۆنی گاردیانی دەریایی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی کشاوەتەوە.

میسر لە ناو وڵاتە عەرەبیەکاندا، دەوڵەتێکی رەگ و ریشە داکوترا و بەهێزە. کاتێک هەڵوێستێکی بەهێزی پیشان بدات، ئەوا کاریگەری لەسەر هەموو دەوڵەتانی عەرەبی دروست دەکات. میسر و دەوڵەتە عەرەبیەکان، سەرەتا لەبارەی پرسی لیبیاوە لەگەڵ روسیا هاوڕا بوون و پشتیوان حەفتەریان دەکرد. دەوڵەتە تەرەبیەکان لە سەرەتاوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت پشتگیری حەفتەر دەکەن. دواتر روسیا و تورکیا رێکەوتنیان کرد و هێزەکانی نشتیمانی و چەتەکان، پێشڕەویان کرد. دوای ئەوەی ئەمەیان بینی هەڵوێستێکی ئاشکرایان نواند.

کاتێک تورکیا سوور بوو لەسەر ئەوەی بەرەو سیرتە پێشڕەوی بکات، کە شارێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، ئەمە بوو بە ریسکێک بۆ هەموو دەوڵەتانی دیکە. ئەو دەوڵەتانە تێگەیشتن کە ئامانجی تورکیا ئەوەیە خۆی بگەیێنێتە سنوورەکانی ئیمپراتوری عوسمانی. ئەو ناوچانەی تورکیای تێدەچێت، ئەوا داعش سەر لە نوێ دەکەوێتە جموجوڵەوە. لە لیبیا، میسر و باکوری ئەفریقا، داعش سەر لە نوێ کەوتووەتە ناو جموجوڵەوە. ئەم بارودۆخە بۆ دەوڵەتی میسر مەترسیەکی گەورەیە. ئێمە دەبینین کە میسر بە گومانی ئەمنی وڵاتی خۆی دەجوڵێتەوە. بۆیە رایگەیاند، سیرتە بۆ ئەوان هێڵی سوورە. دوای ئەم لێدوانە، لە ماوە چەند رۆژی رابردوودا، لە لیبیا گورزێکی قوڕس بەر تورکیا کەوت.

تورکیا ئێستا بەرەو ناوچەیەکی مینڕێژکراوەوە هاندەدرێت. بە گشتی ئەوە دەبینین کە دەوڵەتانی عەرەبی لە بەرامبەر داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستیان نواند. هەر چەندە بە شێوەیەکی گشتیش نەبێت، بەڵام ناڕەزایەتی وڵاتانی ئەوروپاش لە بەرامبەر ئەم پرۆژە داگیرکەریە ئاشکرا بوو. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەو ناڕەزایەتیەی لە کەسایەتی فەرەنسادا خرایە روو، هەڵوێستی زۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپایە. هەندێکیان دەنگ بەرز دەکەنەوە، هەندێکیشیان درەنگتر دەنگ بەرز دەکەنەوە.

بۆیە ئەو دەوڵەتانە لەسەر پرسی کورد لە تورکیا هاتنە دەنگ. پێشتر دەوڵەتی تورکیا لە دژی کورد هەر هەڵوێستێکی پیشان دابا، هیچ کەس دەنگی لێوە نەدەهات و هیچ ناڕەزایەتیەکیان دەرنەدەبڕی. بەڵام ئێستا هەر رووداوێک کە کاریگەری لەسەر ئەروپا و بەرژەوەندیەکانیان دروست بکات، لە سەر پرسی کورد دێنە دەنگ و هەڵوێستی خۆیان دەنوێنن. ئەمەش ئەوە دەخاتە روو کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا لە رووی بەرژەوەندیەوە، زیانی بەرکەوتووە. ئیدی ئەمە روون و ئاشکرایە کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەسەر پێوانەکانی پێشووتر نەماوە، دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئاشکراشە کە پرسی لیبیا رۆڵی تورکیا و ئەوروپا و پەیوەندیەکانیان، یەکلایی دەکاتەوە.

هاوکات ئەوەش بە ئاشکرایی دەبینرێت کە کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە زوڵمێکی گەورەی لێدەکرێت. ئێمە هیوادارین هەڵوێستەکانی دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا واتادارتر و بەهێزتر ببن. ئەمە بە کەڵکی دەوڵەتانی ئەوروپا و وڵاتە عەرەبیەکان دێت. ئەگەر دەوڵەتانی ئەوروپا لەسەر چارەسەری کێشە کورد هەڵوێستێکی جدی بنوێنن، ئەوا بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەوانیش ئەنجامێکی باشی دەبێت. چونکە ئەم سیاسەتە (سیاسەتی تورکیا) هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا. پێشوازی و پشتیوانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ئەم هەڕەشانە زیاد ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کەمیان دەکاتەوە.

چەند رۆژ بەر لە ئێستا، ئەلمانیا بۆ یەکەم جار لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد. ئایا پێدەچێت ئەم نارەزایەتیە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبێت؟

ئیلهام ئەحمەد:- تورکیا لە ئەلمانیا بە شێوەیەکی جدی رێکخستنی خۆی دەکات. لە ناو مزگەوتەکان رێکخستنی خۆی دەکات. لە ئەلمانیا هێڵی ئیسلامیە جیهادیەکان پەرە دەسەنێت کە تورکیا پێشەنگایەتی دەکات. ئەم رێکخستنەی تورکیا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەلمانیا. لەبەرامبەر ئەمە دەوڵەتی ئەلمانیا هەڵوێستێکی جیاواز دەنوێنێت.

بەر لە دەستوەردانی تورکیا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، گەلانی هەرێمەکە بە پێشەنگی کورد لە دژی داعش سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. بە تەواوەتی کۆتایی بە سەروەری داعش لە سەر خاکی سوریا هاتووە. دەوڵەتی ئەلمانیا بینی کە بە جموجوڵەکانی تورکیا لسەر خاکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، داعش سەر لە نوێ خۆی بەرێکخستن دەکاتەوە. هاوکات رژێمیش کە لە ناوچەکە لاواز ببوو، جارێکی دیکە کەوتەوە جموجوڵ. ئەگەر بێنینەوە یادمان، کاتێک تورکیا هێرشی داگیرکەری کردە سەر سەرێکانی و گرێسی، رژێم دیسان گەڕایەوە بۆ هەرێمەکە. تورکیا نەیهێشت رژێم بگۆڕێت. ئەمەش باش دەبینرێت کە بەم شێوەیە رژێم بەهێزتر دەبێت و هەوڵ دەدات سەروەری خۆی لە سەرتاسەری هەرێمەکە بچەسپێنێت.

دەوڵەتی ئەلمانیا هەم بە هۆی ئەوەی هەڕەشەکانی تورکیای بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی بینی، هەم هەوەشی بینی کە رژێم بەرەو بەهێزبوون دەچێت، بۆ هەڵوێستی خۆی دەربڕی.

 لە سوریا شەڕی بەرژەوەندیەکانی زۆرێک لە وڵاتان هەیە. لەم چوراچێوەیەدا ٢ی تەموز پوتین و رۆحانی و ئەردۆغان شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستانایان ئەنجامدا. لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەدا ئەوە بینرا کە گرنگی داروەتە ئەو خاڵانەی کاریگەری لەسەر بەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دروست دەکەن. لەم بارەیەوە ئێوە چی دەڵێن؟

ئیلهام ئەحمەد:- تا ئێستا کۆبونەوەکانی ئاستانادا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیان بۆ گەلانی سوریا لێنەکەوتووەتەوە. گۆڕینی دیمۆگرافی و راگواستنەوەی گەلانی سوریا بۆ ناوچەیەکی دیکە، ئەنجام و بەرهەمی ئاستانان. رێکەوتنەکان لە چوارچێوەی ئاستانادا، وەکو ئاشکرایە بۆ گەلانی سوریا مەترسیدارە. لە نێوان لایەنەکانی بەشدار لە ئاستانادا، لە ژێر ناوی 'ناوچەی ئارام' خاکی سوریا پارچە دەکرێت و گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجام دەدرێت.

دوایین کۆبونەوەی ئاستاناش لە بەرژەوەندی هەمان سیاسەتدا بوو. لە دوای هەموو کۆبونەوەیەکی ئاستانا، تورکیا جموجوڵێکی نوێی داگیرکاری لە دژی خاکی سوریا ئەنجام داوە. هەوڵی ئەوە دەدات، لەو ناوچانەی داگیری دەکات، بۆ هەمیشەیی بمێنێتەوە. بۆ نمونەش لەو ناوچانەی داگیری کردوون، زانکۆ و رێکخراوی جۆراوجۆر دادەمەزرێنێت و بەم مەبەستەش دەیەوێت بە هەمیشەیی بمێنێتەوە. ناوچە داگیرکراوەکان وەکو شارەکانی تورکیای لێدەکات.

لەگەڵ ئەنجامنامەی ئەو کۆبونەوەیە، هەرێمەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە ئاسایش و ئارامی خۆی دروست کردووە، وەکو ئامانج پیشانی تورکیای دەدەن. لە راستیدا دوای ئەو کۆبونەوەیە لە عەیبن عیسا هێرشەکانی تورکیا زیادی کردووە. رۆژانە بوردومان و تۆپباران ئەنجام دەدرێن و لەم قۆناغەشدا هێرشەکان زیاتر بە رێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئەنجام دەدرێن.

یەکێک لەو بابەتانەی بەردەوام رۆژەڤی لایەنەکانی ئاستانایە، ئیدلبە. لەو کۆبونەوەیەدا لەبارەی ئیدلبەوە چەندین پێشهات روویاندا. لە بارەی پێشهاتەکانی ئیدلبەوە ئێوە چی دەڵێن؟

ئیلهام ئەحمەد:- ئیدلب تەنها بابەتی تورکیا نیە. ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش کاریگەریەکی گەورەیان لەسەر پێشهاتەکانی ئیدلبەوە هەیە. ئەگەر تا ئێستا ئیدلب بەم شێوەیە ماوەتەوە، لە دەسەڵاتی تورکیادا نیە، بەڵکو بە هۆی هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئەروپایە.

چونکە ئەگەر لە ئیدلب هەنگاوێک بنرێت، کۆچی بە کۆمەڵی پەنابەران دەستپێدەکات. تورکیا خۆی بابەتی پەنابەران لە دژی ئەوروپا وەکو ئامرازێکی فشار بکار دێنێت. تورکیا، ئەوروپا لە ژێر بارێکی قوڕسدا دەبینێت.

بۆ کردنەوەی رێگای M4، لە نێوان ئەمریکا، ئەوروپا، روسیا و تورکیاشی لەگەڵدا بێت، رێکەوتنێکی گشتی هەیە. بەڵام لەسەر کۆنتروڵکردنی رێگاکە، لە نێوان ئێران-روسیا-رژێم، لەگەڵ تورکیا و چەتەکانی شەڕ و پێکدادان روویدا. لە ئەنجامدا دەستوەردان و فشار دروست بوو. لەوێ تورکیا بە تەنها هێڵرایەوە و گورزی بەرکەوت. دوایین جار ئەمریکا وتی:"لە سەر ئیدلب ئێمە لەگەڵ تورکیاداین" و تورکیا مەجبور بە ئاگربەستێکی نوێوە کرد.

ئێستا لە ئیدلب ئاگربەست بەردەوامە، بەڵام ئەم بارودۆخە تا کەی بەردەوام دەبێت، دیار نیە. لە ئیدلب هەموو لایەنەکان لە ئامادەباشیدان. رژێم و لایەنگرانی و دەوڵەتی تورکیاش، بۆ هەنگاوی گەورە ئامادەکاری سەربازی دەکەن. لەوانەشە لە ئیدلب دیسان شەرێکی دیکە دەستپێبکات، بەڵام چۆن دەست پێدەکات، ئەوا نادیارە.

ز.ش