ئەنجامنامەی هاوخەباتیى دیالۆگی سوریا بڵاوکرایەوە

ئەنجامنامەى هاوخەباتیى دیالۆگی سوریا بڵاوکرایەوە، کە بە پێشەنگایەتیى مەسەدە و بە دروشمی "ئێمە سوریا سەرلەنوێ بونیاتدەنێینەوە و بەرەوپێشی دەبەین" بەڕێوەچووبوو.

هاوخەباتیى دیالۆگی سوریا لە شارۆچکەی عەین عیسای گرێ سپی بەڕێوەچوو و دوای تەواوبوونی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان لەبارەى داهاتوی سوریاوە، ئەنجامنامەى هاوخەباتیى دیالۆگی سوریا لەلایەن غەیابس نەیاس ئەندامى شەپۆلی چەپی شۆڕشگێڕی سوریا خوێندرایەوە.

ئەنجامنامەى هاوخەباتیى دیالۆگی سوریا

"لەسەر بانگهێشتی ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) ژمارەیەک لە هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا، لە هێزە نیشتمانییە لایک و دیموکراتیکەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە سەربەخۆکان و چالاکوانانى کۆمەڵی شارستانى لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ٧ و ٨ی سەرماوەز لە شارۆچکەى عەین عیسا کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەى دروشمی "بۆ بونیاتنانەوە و پێشخستنى سوریا" بەڕێوەچوو. ئەمە دووەمین دانوستانە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)ەوە بەڕێوەدەچێت.

بەشداربوان گفتوگۆیان کرد لەبارەی دۆزە سەرەکی و جەوهەرییەکانی داهاتوی گەلی سوریا و بابەتە مرۆییەکانەوە. ئەو بابەتانەى گفتوگۆیان لەسەر کرا بریتین لە: قەیرانى مرۆیى لە ئاڵۆزیى سوریادا، شێوازى حکومەت لە سیستمى نا ناوەندی و دیموکراتیکدا، مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری، بابەتی ئابووری و گونجاوترین شێواز بۆ داهاتووی سوریا، دەستووری بنەڕەتیى سوریا و بنەما سەرەکییەکانی، دۆزی ژن و رۆڵی لە چارەسەری و ئارامیى سوریا، میکانیزمەکانى دروستکردنى یەکێتیى ئۆپۆزسیۆنى دیموکراتیک لایک.

 بەشداربوان جەختیان لەوە کردەوە، دروستترین رێگای چارەسەریى سیاسی ئەوەیە، کە هەموو پێکهاتەکانى سوریا بە بێ جیاوازی لە کۆمیتەى دەستوور و کارە سیاییەکاندا مسۆگەر بکرێن. هەروەها جەخت لەسەر تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتخوازی و هەموو جۆرەکانى توندوتیژی و گرنگیى کردنەدەروەى هەموو هێزە داگیرکەرەکان لە سوریا کرایەوە.

بەشداربوانی گفوگۆکە جەختیان لەوە کردەوە، گەلی سوریا خاوەنی ئیرادەیەکی سەربەخۆییە و مافی خۆیەتى، چارەنووسی خۆی دیاری بکات. هەروەها داوا لە رێکخراە نێودەوڵەتی و رێکخراوە حقوقییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە ئەرکی خۆیان بەجێبهێننن و کۆتایى بە ئاڵۆزییەکانى سوریا بهێنن و ئاشتى بهێنننە دی.

بەشدارابوان داواى دامەزراندنى کۆمیتەیەکى چاودێرییان کرد. ئەرکی کۆمیتەی چاودێری درێژەدان بێت بە دیالۆگ و چاوپێکەوتنى سوری – سوری بۆ ئەوەى کۆنگرەی بەرفراوانی سوریا رێکبخرێت. هەروەها بابەتى کۆبوونەوەکانى داهاتوو دەستنیشان بکات. لە هەمان کاتدا پێشنیاز کرا کە دانوستانەکانى داهاتوو پێشکەوتوتر بن و بابەتی دەستوور، گۆڕانکاریى دیموکراتیک و بابەتى داگیرکەران و بوونی سەربازیى بیانی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

بەشداران جەختیان لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕ لە دژی تیرۆر کردەوە.

بۆ ئەوەى لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بەدی بێت، بەشداران داوایان دیالۆگی جدییان لە نێوان نوێنەرانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگەدا کرد".

ر.م