حەجۆ: ئەگەر تورکیا هێرش بکات داعش دووبارە سەرهەڵدەداتەوە

هاوسەرۆکی کۆمیتەی کاروباری ناوخۆیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا عەلی حەجۆ وتی: ئەگەر دەوڵەتی تورک ‌هێرش بکات کۆنترۆڵ کردنی داعشە دیلەکان قورس دەبێت .

دوای ئەوەی داعش تێکشکا دەوڵەتی تورک هەڕەشەی داگیرکەریی لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کرد. هاوسەرۆکی کۆمیتەی کاروباری ناوخۆیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا عەلی حەجۆ وتی: ئەگەر تورکیا هێرش بکات هاوسەنگی و ئارامیی جیهان و هەرێمەکە دەکەونە مەترسییەوە.

'تورکیا لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دەترسێت'

حەجۆ باسی لەوەشکرد: دەوڵەتی تورک لە دژی هەرێمی بەڕێوبەریی خۆسەر پلانی داڕشتووە و هەوڵ دەدات دەوڵەتی عوسمانی بژییەنێتەوە. حەجۆ وتی "لەبەر ئەمەش هەنگاوی جدی دەنێت لە هەرێمەکەدا. تورک ئیدعای ئەوە دەکات، کە خاک و وڵاتەکەی لە ژێر مەترسیدایە، بەڵام هەموو کەس دەزانێت بەڕێوبەریی خۆسەر لەسەر سنووری تورکیا هیچ پێشێلکارییەکى نەکردووە. لە راستیدا هۆکاری هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورک ئەوەیە، کە لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دەترسێت."

هۆشداری؛ 'داعش دەکەوێتەوە سەر پێ'

حەجۆ باسی لەوەکرد بە تێکشکاندنی چەتەکانی داعش حکومەتی ئاکەپە گورزێکی بەهێزی خوارد و وتیشی" تورکیا یەک لەو وڵاتانەیە کە پشتگیریی تیرۆر دەکات. تورکیا ئارامیی هەرێمی خۆسەر بۆ خۆی بە هەڕەشە دەزانێت. هەوڵ دەدەن شانە نوستوەکانی داعش دروست بکەنەوە. ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئەم هەرێمە ئەوکات نا ئارامی لە ناوچەکەدا دروست دەبێت و مەترسیى ئەمنی پەیدا دەبێت و ڕاگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی هەزاران داعش کارێکی ئاسان نابێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە داعش بکەوێتەوە سەر پێ. بەمەش ئارامی و هاوسەنگیی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە."

هاوسەرۆکی کۆمیتەی کاروباری ناوخۆیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا عەلی حەجۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە داوای گفتوگۆ دەکات و سەرنجی خستە سەر ئەوەی ئەگەر هێرش بکرێت، خۆیان دەپارێزن.

ر.م