داگیرکەران هێرشیان کردە سەر گوندەکانی شەڕا و ئیدلب

سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی ناوچەی شەڕای عەفرین و ئیدلب.

سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی مەرەناز، شەواریخ، قەڵای شەوارخ و مالکییەی سەر بە ناوچەی شەڕای عەفرین و گوندەکانی نەیرەبی سەر بە ئیدلب.

لە ئێوارەی ئەمڕۆوە داگیرکەران گوندەکانی مەرەناز، شەوارخ، قەڵای شەوارخ و مالکییەی سەر بە ناوچەی شەڕایان داوەتە بەر تۆپ، هاوکات هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی تل ئەجار، ئیشادییە، کەفەر و مەتهانا فەیسەل.  

بە پێی زانیارییەکان تۆپبارانکردنی ناوچەکە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش بەردەوامە.

هێرش کراوەتە سەر گوندەکانی نەیرەبی ئیدلب

لە لایەکی دیکەوە سوپای داگیرکەر و چەتەکانی هێرشێکی چڕیان کردووەتە سەر گوندەکانی شارۆچکەی نەیرەب کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئیدلب کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی رژێمی سوریا دایە.

بە پێی زانیارییەکان، چەتەکانی ئەلنوسرە بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکران هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکە.

لە شارۆچکەی سەراقیبیش کە لە ژیر گەمارۆی هێزەکانی رژێمی سوریادایە، لە نێوان سوپای دەوڵەتی تورک و هیزەکانی رژێمدا شەڕ و پێکدادانی قورس روودەدەن.

ز.ش