دیمستورا لەگەڵ نوێنەرانى رێکخراوە مەدەنییەکانى سوریادا کۆبوویەوە

ستیفان دیمستورا لەگەڵ نوێنەرانى رێکخراوە مەدەنییەکانى سوریا کۆبوویەوە. لە دواى کۆبوونەوەکە داوایکرد، رێکخراوە مەدەنییەکانى سوریا بەشدارییان پێبکرێت لە لیژنەى نووسینەوەى دەستووری نوێى سوریادا، کە لە ژێر چاودێریى نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

ستیفان دیمستورا بە ناوی نووسینگەى تایبەتى نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سوریا راگەیاندراوێکى بڵاوکردووەتەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دیمستورا لەگەڵ ٣٠ نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکانى سوریا لە نووسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کۆبوونەوە و بۆ ماوەى ٢ رۆژ کۆبوونەوەکەش بەردەوام بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ نوێنەران و ئەندامانى رێکخراوە مەدەنییەکانى ناوچە جیاجیاکانى سوریا لەبارەى چارەسەری سیاسی لە سوریا گفتوگۆ کراوە.

ئەوەش خراوتەڕوو، نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان داوایان کردووە کۆمسیۆنى نووسینەوەى دەستووری بنەڕەتیى نوێى سوریا لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان دا بەخێرایى دابمەزرێت و رێکخراوە مەدەنییەکانى سوریاش تیایدا بەشدار بن.

ر.م