ریشسپییان لە دژی لێدوانەکەى ئەسەد وەستانەوە

ئەنجوومەنى ریشسپییانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لێدوانەکەى بەشار ئەسەد سەرۆک دەوڵەتى سوریا وەستانەوە، کە بوونی کوردی رەتکردبووە.

ئەنجوومەنى ریشسپییانی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە دژی لێدوانەکەى بەشار ئەسەد وەستانەوە، کە نکۆڵیی لە بوونی کورد کردبوو.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە چاوەڕێی چارەسەرییەکى سیاسییە، کە سوریایەکى دیموکراتیک لە دایکبێت و بوونی کۆمەڵگەیى هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێن و هەموو دۆسیەکان پێکەوە چارەسەر بکرێن. سەرۆکی سوریا هاتووە نکۆڵی لە هەندێک پێکهاتەى رەسەنی گەلی سوریا دەکات، کە رۆڵی سەرەکییان لە سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتى سوریای نوێی دا هەبووە.

ئێمە دەستەى ریشسپییانی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دەستپێشخەرییەکەمان پێداگرییە لەسەر مسۆگەربوونی هاووڵاتیبوون لە یەکێتیى وڵات، رەتکردنەوەى داگیرکەری و بوونی بیانییەکان، هەروەها کاراکردنی دیالۆگی جدیی سوری – سوری وەک ئەڵتەرناتیڤی چارەسەری.

پێکهاتەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بە عەرەب، کورد، سوریان و پێکهاتە رەسەنەکان، کە پێش ئەوەى سنووری دەوڵەتى سوریای ئێستا بکێشرێت پێکەوە لەم هەرێمەدا دەژیان. لەبەر ئەوەش پێکهاتە رەسەنەکان لە شوێنێکى ترەوە نەهاتوون، بۆیە نابێت هیچ کەسێک، جا کەسەکە کێ بێت، نابێت لەسەر هاووڵاتیبوونی سوریا پێچەوانەى ئەو راستییە قسە بکات.

لێدوانی سەرۆکی سوریا خزمەت بە دروستکردنی دەوڵەتى هاووڵاتیبونی راستەقینە لە سوریا و تێپەڕاندنی قەیرانەکان ناکات. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە و ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە، کە عەرەب، کورد، سوریان، کلدان و ئاسور پێکهاتە رەسەنەکانن.

لە کاتێکدا، کە دەوڵەتى سوریا نەیدەتوانی ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی وڵاتەکەى خۆی بەجێ بهێنێت، پێکهاتەکانى هەرێمەکە یەکگرتوانە ول لە چوارچێوەی هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان بۆ رەدکردنەوى تیرۆر لە پێناو شکۆ و پاراستنى بوونی خۆیاندا خۆبەرێوەبەریی خۆسەریان بونیاتنا، کە تاوەکو ئێستا قەڵاى پاراستنى وڵاتە لە دژی داگیرکەران و تیرۆریستان. هەروەها زۆر جدی هەوڵ دەدات سوریایەکى دیموکراتیک، فرە رەنگ و نا ناوەندی بونیات بنێت.

عەقڵییەتى نکۆڵیکردن لە مافی رەواى پێکهاتەکانی سوریا، بە تایبەتى هەبوونی پێکهاتەى کورد بۆ رازیکردنی هەندێک هێزی دەرەوە، دروستکردنی دەوڵەتێکى حقوقی و یاسایی و خاوەن شکۆی لێناکەوێتەوە، بەڵام دۆخەکە گۆڕتر و ئاڵۆزتر دەکات.

ئارامی و پاراستنی سوریا بە دیموکراتیکبوونی سوریا و چەسپاندنی مسۆگەریی مافە فەردی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتی سوریا بەدی دێت. هەروەها بە داننانی دەستووری بە کورد و پێکهاتەکانى تردا چارەسەریی دۆزی کورد بە شێوەیەکى دیموکراتیک لە چوارچێوەى یەکێتیى وڵات و بونیاتنانی سوریایەک بە دوور لە عەقڵییەتى نکۆڵیکردنی راستییە مێژووییەکان بەدی دێت".

ژ.ت