سوپای سوریا بەرەو ناوەندی سەراقیب لە پێشڕەویدایە

سوپای سوریا هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لە ئۆپڕاسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک، لە پێشڕەویدایە بەرەو سەراقیب و گەیشتووەتە رێگای نێودەولەتی M4.

سوپای سوریا لەگەڵ هەموو هەوڵیکی بۆ رێگریکردن لە ئۆپڕاسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب، بەردەوامە لە ئۆپڕاسیۆنەکانیدا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی روسیا.

سوپای رژێم بەرەو ناوەندی شارۆچکەی سەراقیب لە پێشڕەویدایە کە دەکەوێتە سەر رێگای M4  و  M5لە باشوری رۆژهەڵاتی ئیدلب و چوونەتە ناو یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارۆچکەیە. هاوکات لە نێوان هێزەکانی سوریا و گروپە چەتەکان کە دەوڵەتی داگیرکەر پشتیوانییان دەکات، شەڕ و پێکدادانی قورس روویان داوە. لە لایەکی دیکەشەوە هێرشە ئاسمانییەکانی سوریا و روسیا لە ناوچەکە بەردەوامن.

لە لایەکی دیکەوە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بەر لە سەردانەکەی بۆ ئوکرانیا، روسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە 'بە پێی پەیمانی سووچی ناجوڵێتەوە'. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بابەتی پەیوەندی نێوان تورکیا و گروپی تیرۆریستی ئەلنوسرا لە دەزگاکانی راگەیاندی روسیا ببووە جێگای باس.  

ئاژانسی هەواڵی فیدراڵیی روسیا بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی "ئاشکراکردنی وردەکاریی رێگاکانی تیرۆری تورکیا لە لیبیا" بڵاو کردبووە.

ئەردۆغان بەر لە سەردانەکەی بۆ ئوکرانیا وتبووی، 'روسیا بە پێی پەیمانی سووچی و ئاستانا ناجوڵێتەوە'. بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیدا، ئەردۆغان هەنگاوی بۆ دواوە نا و وتی:" لەم کاتەدا پێویست ناکات لەگەڵ روسیادا بکەوینە ناو هیچ شەڕێک یان ناکۆکییەک. هەوڵەکانمان لە روسیا زۆر جدی و ستراتیجین."

ز.ش