سیپان حەمۆ: ئەگەری ئەوە هەیە هێز رەوانەى سوەیدا بکەین

سیپان حەمۆ فەرماندەى گشتیى یەپەگە رایگەیاند، بۆ ئەوەى سوەیدا لە تیرۆر رزگار بکرێت ئامادەن هێز رەوانەى سوەیدا بکەن. حەمۆ راشیگەیاند، چالاکییەکانیان لە عەفرین زۆر زیاتر دەبێت.

سیپان حەمۆ فەرماندەى گشتیى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) لەبارەى هێرشی چەتەکانى داعش بۆ سەر سوەیدا، کە ٢٠٠ کەسى تیایدا کوژرا و ٣٥ کەسی تریشیان رفاند رایگەیاند "'هێرشێکى دڕندانە بوو. ئازاری گەلی دورزی لەگەڵ ئازاری گەلی کۆبانێ و لەگەڵ ئازاری گەلی عەفرین، کە ئێستا لە ژێر داگیرکاریى تورکیادایە یەک ئازارە".

حەمۆ راشیگەیاند، ئامادەن بۆ هاوکاریکردنى گەلی سوەیدا و وتیشی "یەپەگە لە شەڕی دژ بە داعشدا و رێکخستنە تیرۆریستییەکاندا سەرکەوتنى خۆى سەلماندووە. یەپەگە لە ژێر چەتری قەسەدەدایە و یەک لەسەر سێى وڵاتى لە دەستى داعش رزگارکردووە".

'لە عەفرین چالاکییەکان لە دژى داگیرکەران زیاتر دەکەین'

حەمۆ لەبارەى دۆخى عەفرینەوە وتى، چالاکییەکانى یەپەگە لە عەفرین لە دژى سوپاى تورکیا و چەتەکانى بەردەامە و چالاکییەکانیش زۆر زیاتر دەکرێن.

ئەوەشی وت، بۆ ئازادکردنى ئەو بارمتانە، کە لە سوەیدا لەلایەن چەتەکانى داعشەوە رفێنراون و ئازاد بکرێن، هەموو هەوڵ و دانوستانەکانى نێوان ریش سپییەکانى سوەیدا لەگەڵ چەتەکانى داعش ئەنجامى نەبوو، چونکە ریش سپییەکان مەرجی چەتەکانیان قبوڵ نەکردووە.

ر.م