سەرکەوتنی شەڕڤانانی هەسەدە لە بەرەکانی جەنگدا بەردەوامە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بێ وەستان گوندەکانی سەرێکانی و تل تەمر تۆپباران دەکات و لە وەڵامی شەڕڤانانی قەسەدە دا هێزە داگیرکەرەکان گورزی کوشندەیان بەر کەوتووەو سەرکەوتنی گەورەیان لە بەرەکانی جەنگدا بەدەست هێناوە.

هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە بەرەی سەرێکانی-تل تەمر چڕ بوونەتەوە و بە بێ جیاوازی هێرشی کەسان مەدەنی و گوندنشینانیش دەکەن.

ناوچەی زرگانیی سەرێکانی بە شێوەیەکی بەردەوام تۆپباران دەکرێت. هەروها گوندەکان تل حرمووس و ئەسەدییە و بابل فەرەج و ئوم ئیشبە و مەحمودییەش بە چەکی ئۆبووس تۆپباران دەکرێن.

شەرڤانانی قەسەدە لە گوندی تل حرمووس وەڵامێکی توندیان داوەتە هێرشی داگیرکەران. بە پێی زانیاریەکان لە ئێستا دا شەڕێکی قورس لە ناوچەکە بەردەوامە.

لە گوندی مەحمودییەش دەوڵەتی تورک بە زرێپۆش و تانک و چەکی قورس هێرشێکیان کردووە. شەرڤانانی قەسەدەش وەڵامێکی توندیان داوەتەوەو لە ئەنجامدا ئۆتۆمبیلێکی سەربازی داگیرکەران لە ناو براوە.

لە بەرەی تل تەمریش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قوڕس و تانک و زرێپۆش هێرشی گوندی قاسمییەیان کردووە. قەسەدەش بە توندترین شێوە بەرپرچیان داوەتەوە.

لە ئەنجامی وەڵامدانەوەو خۆڕاگریی شەڕڤانانی قەسەدەدا ٤ ئۆتۆمبیلی داگیرکەران لە ناو براون و ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و چەتەش کوژراون و بریندار بوون.

جگە لە بەرەی سەرێکانی و تل تەمر، هێرشی داگیرکەران بۆ سەر ناوچەی گرێ سپیش بەردەوامە.

شەڕڤانانی قەسەدە لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا وەڵامی داگیرکەرانیان داوەتەوەو گوندی خربت باگەر کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای گرێ سپییەوە، لە چەتەکانی دەوڵەتی تورک پاکیان کردووتەوە.

هەرچەندە ژمارەیان بە تەواوی ئاشکرا نەبووە، بەڵام لە هەموو بەرەکانی شەڕ زیانێکی زۆری گیانی بەر سوپای تورک و چەتەکانی کەوتووە.

ز.ش