فڕۆکەخانەی حەلەب سەر لە نوێ بۆ گەشتە بازرگانییەکان دەکرێتەوە

رژێمی سوریا رایگەیاند، بە نیازن سەر لە نوێ فڕۆکەخانەی حەلەب بۆ گەشتە بازرگانییەکان بخەنەوە کار کە پێشووتر وەکو پایتەختی بازرگانی دەناسرا و دووەم گەورەترین شاری سوریایە.

هیزەکانی رژێمی سوریا لە رۆژی یەکەمی چوونە ناو حەلەبدا، دەوروبەری شارەکەی بە تەواوەتی کۆنترۆل کردەوە.

دوای کۆنترۆلکردنەوەی شارەکە، وەزیری گواستنەوە، ئەمڕۆ رۆژی دووشەمە لەسەر تەلەگرام لێدوانێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب سەر لە نوێ بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەکەنەوە.

بە پێی لێدوانەکە یەکەمین گەشت رۆژی چوارشەممە، لە نێوان شام و حەلەب ئەنجام دەدرێت و گەشتەکانی قاهیرەش لە نزیکترین کاتدا دەست پێدەکەنەوە.

فرۆکەخانەی حەڵەب، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سوریا، بە هۆی داگیرکردنی گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە، لە ساڵی ٢٠١٢وە هیچ گەشتێکی بازرگانی تێیدا ئەنجام نەدراوە. لە گەڵ ئەوەی ئەم شارە دوای ساڵی ٢٠١٦ کەوتە دەستی رژێم، بەڵام لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە، گروپە چەکدارەکان بوونیان هەر هەبوو. لە ساڵی ٢٠١٧ لە فڕۆکەخانەی حەلەب بۆ تێست چەند گەشتێک ئەنجام درابوون.

ز.ش