قه‌سه‌ده‌: ٩ چه‌ته‌ی دیكه‌ی داعش كوژران

قه‌سه‌ده‌ كوژرانی ٩ چه‌ته‌ی دیكه‌ی داعشی له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیردا ڕاگه‌یاند.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری ڕابردووی دواهه‌مین قۆناغی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیری ئاشكرا كرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

قه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی چه‌می فورات ٩ چه‌ته‌ی داعش كوژراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕێكی زۆری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا گیراوه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی قه‌سه‌ده‌:

به‌ره‌ی باغۆز

له‌ نێوان شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ و ڕێكخراوی تێرۆریستی داعشدا شه‌ڕی سه‌خت ڕوویدا. چه‌ته‌كان له‌م شه‌ڕه‌دا چه‌كی قورس و تۆپی هاوه‌نیان به‌كارهێنا. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م شه‌ڕه‌دا، تۆپهاوێژێكی ١٢٠ملم و بڕێكی زۆری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی كه‌وته‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانانی ئێمه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین تێرۆریست كوژراون.

له‌ به‌یانیدا، چه‌ته‌كانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌كانی هێزه‌كانمان له‌ باشووری گوندی سووسه‌. شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ وه‌ڵامیان دانه‌وه‌ و شه‌ڕێكی سه‌خت هاته‌ ئاراوه‌. له‌ ئه‌نجامدا زۆر تێرۆریست كوژران. هه‌روه‌ها شه‌ڕڤانان ماتۆڕێك و چه‌ندین ئامێری دیكه‌ی تێرۆریستانیان ته‌قاندنه‌وه‌ و زۆر مینیشیان پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ شه‌ڕڤانان به‌ تۆپی هاوه‌ن بنكه‌كانی تێرۆریستانیان كرده‌ ئامانج و ژماره‌یه‌كی زۆری تێرۆریست كوژران. به‌هۆی مینڕێژكرانی ناوچه‌كه‌ و سه‌ختی هێرشه‌كان ژماره‌ی كوژراوی تێرۆریستان نه‌زانرا. هێزه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی بنكه‌كانی تێرۆریستانیان كرده‌ ئامانج و ٣ بنكه‌یان ڕووخاندن و ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌ته‌ كوژران.

به‌ره‌ی هه‌جین

له‌م به‌ره‌یه‌ش، له‌نێوان شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ و تێرۆریستانی داعشدا شه‌ڕی سه‌خت ڕوویدا. له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا زۆر تێرۆریست كوژران و چه‌ندین بنكه‌یان ڕووخێنران. شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری مینیان پووچه‌ڵ كرده‌وه‌ كه‌ چه‌ته‌كان بۆ ڕێگرتن له‌ پێشڕه‌ویی شه‌ڕڤانان جێگیریان كردبوون.

ئامار:

- ٩ تێرۆریست كوژران

- فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ ٢ شوێنیان دا، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانان به‌ مووشه‌كی هایمه‌رزیش له‌ ٢ شوێنی دیكه‌یان دا.

- ٣ بنكه‌ی تێرۆریستان ڕووخێنران، ماتۆڕێك ته‌قێنرایه‌وه‌ و ده‌ستبه‌سه‌ر تۆپهاوێژێكی هاوه‌نی ١٢٠ملم-دا گیرا.

s.m