قەسەدە: لە دشیشا ٢٤٧ چەتەى داعش کوژران

فەرماندەیى گشتیى ژوورى چالاکییەکان و هەڵمەتى گردەلولی جزیر رایگەیاند، لە شەڕی رزگارکردنى دشیشا ٢٧٤ چەتەی داعش کوژران.

فەرماندەیى گشتیى ژوورى چالاکییەکان و هەڵمەتى گەردەلولی جزیر لەبارەى رزگارکردنى شارۆچکەى دشیشا لە دەست چەتەکانى داعش راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە، لە شەڕی زرگارکردنى دشیشا ٢٧٤ چەتەى داعش، کە ٤ یان سەرچەتە بوون کوژراون و ١٣ چەتەش دیلکراون و سەدان هاووڵاتیش لە دەست ئەو چەتانە رزگارکران و ٣ شەڕڤانى قەسەدەش شەهید بوون.

لە راگەیاندراەکەدا ئەوەش هاتووە، رۆژی ٣ى حوزەیرانی ٢٠١٨ / ١٣ى جۆزەردان و لە ٢ قۆڵی رۆژئاوا (شەدادی) و رۆژهەڵات (هۆل)ەوە هەڵمەتى رزگارکردنى شارۆچکەى دشیشا دەستیپێکرد. لە هەڵمەتى رزگارکردنى دشیشا دا چەندین گوند و کێڵگە لە ڕووبەرى ٦٠٠ کیلۆمەتر چوار گۆشە و خاڵی سنووری تەل سفوک-ەوە لەسەر سنوورى عێراق رزگار کرا. رۆژى ٢٤ى حوزەیرانی ٢٠١٨ / ٣ى پووشپەڕ، هێزەکانى قەسەدە و هێزەکانى سوپاى عێراق لەسەر سنوور بە یەک گەیشتن.

سەدان هاووڵاتى رزگارکران

شەڕڤانان لە هەڵمەتى گەردەلولی جزیر لە دژى چەتەکانى داعش، سەدان هاووڵاتییان لە دەست ئەو چەتانە رزگارکرد. یەکەى هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەى مین و بۆمبە چێندراوەکان، ئەو مین و بۆمبانەى چەتەکانى داعشیان پووچەڵ دەکردەوە، کە ئەو چەتانە بە مەبەستى پێشگرتن لە پێشڕەویى شەڕڤانان چاندبوویان.

هەروەها شەڕڤانان تونێلێکى چەتەکانى داعشیان دۆزیوەتەوە. لەو هەڵمەتەدا سەدان هاووڵاتی لە دەست چەتەکانى داعش رزگارکران.

٢٧٤ چەتە کوژران و ١٣ چەتەش دیلکران

لە شەڕى نێوان شەڕڤانان و چەتەکانى داعشدا، کە چەکى تاکە کەسی، ناوەڕاست و قورسى لەلایەن هەر دوولاوە تیادا بەکاردەهات، بە گشتی ٢٧٤ چەتەى داعش کوژران، کە ٤ چەتەیان، سەرچەتە بوون و ١٣ چەتەى تریش دیلکران.

هەروەها شەڕڤانان ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگر، ٢ ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو، ئۆتۆمبێلێکى پڕ لە چەک و تەقەمەنی و ژمارەیەک ماتۆڕ سکیلی ئەو چەتانەیانە تەقاندووەتەوە و ٨ حەشارگەشیان کردبووە ئامانجى هێرشەکانیان. هاوکات ٦ چەکى هاوەن و ٢ تۆپ و ٢ سەنگەری کۆنکرێتیى چەتەکانى داعش تێکشکێنراون.

دەست بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گیرا

بڕێک چەک و تەقەمەنی و کەرەستەى سەربازیى چەتەکان لەلایەن شەڕڤانانەوە دەستیان بەسەردا گیرا، کە بریتین لە: دۆشکای ٢٣ملم، دۆشکای ١٢ملم، ١٤ تۆپهاوێژ، ٣ ئاڕ پى جی، ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو، تانکەرێکى ئاوهەڵگر، ٣ بێتەل، ئۆتۆمبێلێکى هەمەر، ٦ مۆبایل، کە بۆ تەقاندنەوەى بۆمبى چێندراو لە رێگەى دوورەوە بەکاردەهێنران، ٢ تانکەری بۆمبڕێژکراو و ژمارەیەکى زۆر تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازى.

٣ شەڕڤان شەهید بوون

لە شەڕی رزگارکردنى شارۆچکەى دشیشا ٣ شەڕڤان شەهید بوون و ٢٠ شەڕڤانیش برینداربوون.

ر.م