قەسەدە: لە ٢٤ کاتژمێردا لە دێرەزۆر ١١ چەتە کوژران

ناوەندی راگەیاندنى قەسەدە ئاماری شەڕی ٢٤ کاتژمێری رابردووى قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى گەردەولولی جزیری بە ناوی "شەڕی کۆتایهێنان بە تیرۆر" بڵاوکردەوە. قەسەدە رایگەیاند، لەو ماوەیەدا ١١ چەتە کوژراون و شەڕڤانێکیش شەهید بووە.

ناوەندی راگەیاندنى هێزەکانی سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لە راگەیاندراوێکدا ئاماری شەڕی ٢٤ کاتژمێری رابردووی دوایین قۆناغی هەڵمەتى گەردەولی جزیری بە ناوی "شەڕی کۆتایهێنان بە تیرۆر" بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئامارەى قەسەدە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١١ چەتە لە بەرەکانى شەڕی دێرەزۆردا کوژراون.

لە راگەیاندراوەکەى قەسەدەدا هاتووە:

بەرەی باغوز

"لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتە تیرۆریستەکانى داعشدا شەڕێکى قورس روودەدات. شەڕڤانەکانمان هێرشیان کردووەتە سەر خاڵ و بارەگاکانى چەتەکانى داعش. پێشڕەویى شەڕڤانەکانمان بەردەوامە و چەتەکان ناچار بە پاشەکشە دەکرێن. شەڕڤانەکانمان لە بەرەی باغوز ١١ خاڵی چەتەکانیان رزگار کردوو و کیلۆمەترێک پێشڕەوییان کردووە. ژمارەى کوژراوانى چەتەکان دیار نییە.

 هاوکات شەڕڤانان ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراوی چەتەکانیان تەقاندنەوە پێش ئەوەى بگاتە ئامانجەکەى.

بەری هەجین

لە بەرەی هەجینیش شەڕێکى قورس روودەدات. لە شەڕدا چەتەکان هەموو چەکە قورسەکانیان بەکار دەهێنن و بەهۆی قورسیى شەڕەکە و تۆپبارانە چڕەکانەوە هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەى چەتە کوژراوەکان لەبەردەستدا نییە. شەوی رابردووش شەڕ روویدا و ژمارەیەک چەتە لەو شەڕەدا کوژران.

لەلایەکى ترەوە فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان کۆبوونەوەیەکى چەتەکانیان کردە ئامانج. لە ئەنجامى ئەو هێرشەدا چەندین چەتە کوژران و ئۆتۆمبێلێکى چەتەکان کە چەکى دۆشکاى لەسەر بوو تێکشکێنرا.

ئاماری شەڕەکە

هێرشى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان: ٢

ژمارەى کوژراوانى چەتەکان: ١١

زیانى تیرۆریستەکان: بنکەیەکى تۆپهاوێژیان تێکشکێنرا، ٢ ئۆتۆمبێل، کە یەکێکیان چەکى دۆشکای لەسەر بوو تێکشکێنران.

ژمارەى شەهیدەکانمان: شەڕڤانێکمان لە شەڕی قارەمانانەدا لە دژی چەتە تیرۆریستەکان شەهید بوو".

ر.م