لە بەرەکانى شەڕی دێرەزۆر؛ شەڕ و ژیان!

قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى گەردەلولی جزیر بە ناوی "کۆتایهێنان بە شەڕی تیرۆر" بە هەموو هێزی خۆیەوە بەردەوامە. شەڕڤانانى یەپەژە لەم هەڵمەتەشدا بەشدارن و رایانگەیاند، بە پێداگری و بڕیارەوە پێشڕەوی دەکەن و ئامادەن لە پێناو رزگارکردنى گەلی دێرەزۆردا شەهید ببن.

 هەڵمەتى گەردەلولی جزیر لە دوا قۆناغیدایە. شەڕڤانانى یەکینەکانى پاراستنى ژنان (یەپەژە) لە بەرەی پێشەوەى شەڕی رزگارکردنى ناوچەکانى دێرەزۆردان و بە شەڕەکەیان و شێوەى ژیانیان مۆری خۆیان لەو دوا هەڵمەتەى گەردەولی جزیر دەدەن.

ڤیان نسێبین شەڕڤانى یەپەژە رایگەیاند، وەک شەڕڤانێکى یەپەژە بەشداریى ئەو هەڵمەتەى کردووە. بە ئیرادە و بڕوایەکى بەهێزەوە بەرەوە پێش دەچن و رۆژانە شوێنە ستراتیژییەکان لە دەست چەتەکانى داعش رزگار دەکەن.

ڤیان نسێبین راشیگەیاند "ئەم دوا قۆناغەی هەڵمەتى گەردەلولی جزیر کۆتایى بە چەتەکان دەهێنێت. شێوازی شەڕ و تاکتیکەکانیان و تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و ئەنجامدانی تەقینەوە لە رێگەى خۆکوژەکانیانەوە دەرخەری لاوازبوونى چەتەکانە".

 نسێبین لەبارەی ژیانى رۆژانەیان لە بەرەکانى شەڕدا وتى "ئێمە تەنها لە بەرەکانى پێشەوەى ئەم هەڵمەتەدا شەڕ ناکەین، بەڵکو خۆمان پەروەردە دەکەین و هاوکات بۆ بونیاتنانى ژیانێکى نوێش لە تێکۆشانداین. ئێمە هێزی خۆمان لە تیۆری و فەلسەفەکەمانەوە وەردەگرین".

دلژین مێردین شەڕڤانێکى تری یەپەژەیە، کە بەشدارە لە دوا قۆناغی هەڵمەتەکەدا و لەبارەى هەلومەرجەکانى ژیان و شەڕ لە بەرەکانى شەڕدا وتى "لە بەرەکانى پێشەوەى شەڕ و هاوکات لەگەڵ شەڕکردن ژیانى رۆژانە بە شێوەیەکى رێکوپێک و سیستماتیک بەڕێوەدەچێت".

وتیشی "بەپێى ئەوە دەرفەتانەى، کە دەستمان دەکەون دەست دەکەین بە خوێندنەوەى کتێب. هەروەها ئێمە وەک شەڕڤانانى یەپەژە لە بەرەکانى پێشەوەى شەڕ، ورە و ئیرادەش بە گرنگ دەزانین، بۆیە هاوکات لەگەڵ شەڕدا خۆشمان پەروەردە دەکەین. ئامانجی ئێمە رزگارکردنى گەلی دێرەزۆرە. لە پێناو ئەو ئامانجەماندا ئامادەین شەهید ببین".

ر.م