لە دێرەزۆر دژە تیرۆری ڕۆژئاوا شانەیەکی نووستووی داعشی دەستگیرکرد

هێزەکانی دژەتیرۆری ڕۆژئاوای کوردستان سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئۆپەراسیۆنێک لە گوندەکانی دێرەزۆر شانەیەکی نووستووی داعشیان دەستگیر کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە ڕاگەیەندراوێک لە سەر ماڵپەڕی خۆیان ئاشکرای کردووە کە هێزەتایبەتەکانیان شانەیەکی نووستووی داعشیان لەناوچەی شەحیل-ی گوندەکانی دێرەزۆر دەستگیر کردووە کە مووشەک و تەقەمەنیان دروست دەکرد و ڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتن و تیرۆردا هەبووە لە هەرێمەکەدا.

یەکێک لە بەرپرسانی ئاسایشی گشتی دێرەزۆر لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم شانەیە لە کەسانی زۆر پسپۆڕ پێکهاتوون کە هەریەکێکیان لە بوارێکدا پسپۆڕی هەبووە و بۆ کردەوەی تیرۆریستی خۆیان ئامادە کردووە و هەروەها  بە یەکێک لە ڕێکخراوترین شانەکانی ناوزەد کردووە.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەروەها هێزەکانی دژەتیرۆر بڕێکی زۆر ماددەی تەقەمەنی، ماددەی خام، هاوەن و نارەنجۆک، وایەر،  ماددەی TNT بەهێز و بۆمبی دژە زریپۆش دەستی بەسەردا گیراوە.

ف.ق