لە کەمپی بەرخۆدان دەست بە دروستکردنی چەند پرۆژەیەک کرا

کۆمیتەی شارەوانیی کەمپی بەرخۆدان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرانی کەمپەکە دەستیان بە پرۆژەی دروستکردنی پارک و باخچە کرد.

کۆمیتەی شارەوانیى شەهبا لە کەمپی بەرخۆدان دەستی بە دروستکردنی پرۆژەی پارکێک کرد. باخچەکە لە رووبەری ٤٠٠ مەتر سێجا دروست دەکرێت و تێیدا دار و نەمام دەڕوێنرێت. ئامانجیش لە دروستکردنی ئەو پارکە ئەوەیە کە هاوڵاتیان پشووى تیادا وەربگرن.

فەرید حەمۆ بەڕێوەبەری کۆمیتەی شارەوانیى جەختی لەوە کردەوە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی ئەو باخچەیە دەکەن.

شاری یاریی منداڵان

بۆ ئەوەى منداڵانی عەفرین کە بەهۆی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانییەوە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و لە کەمپی بەرخۆدان و سەردەم نیشتەجێ ببن، ئازارەکانی جەنگ و کردارە نامرۆڤایەتییەکانی داگیرکەرانیان بیربچێتەوە، پارکی یاری منداڵان دروست و ئامادە دەکرێت.

فەرید حەمۆ راشیگەیاند، ئەوان وەک کۆمیتەی شارەوانى و بەڕێوەبەرانی کەمپی بەرخۆدان تەواوی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە دانیشتوانی عەفرین دەکەن و هەتا کۆتایی هاوکارییان دەکەن. هەروەها پرۆژەیشیان بۆ جێبەجێ دەکەن.

حەمۆ وتیشی "شاری یاری منداڵان کەلوپەلی زۆری پێویستە، دەرفەتەکانی ئێمەش کەم و سنوردارن بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە بەشیوەیەکی باش، بەڵام سەربارى ئەوەش هەڵ دەدەن چیان لە دەست بێت ئەنجامى بدەن بۆ ئەوەى منداڵان بتوانن ساتێکى ئاسوودە لە شارە یارییەکەدا بەسەر ببەن".

لە کۆتایی قسەکانیدا حەمۆ جەختی لەوە کردەوە، هەرچەند زەحمەتیی و بەربەستیشیان ڕووبەڕووبێتەوە، ئەوان هەموو پێداویستیەکان پەیدا دەکەن و پرۆژەکە تەواو دەکەن.

ر.م