وتەبێژی ئیدارەی خۆسەری: "ئەوانەی بێدەنگن، هاوکاری تاوانەکانی دەوڵەتی تورکن"

لۆقمان ئەحمێ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەلێت، ئەوانەی لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگن، هاوکاری تاوانەکانن.

لوتکەی 'پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا' کە لە لایەن ناوەندی رۆژئاوا بۆ لێکۆلینەوەی ستراتیجی بەڕێوە چوو، زیاتر لە ١٠٠ نوێنەری پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی داد و ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری، بەشدارییان تێدا کرد.

لە پەراوێزی بەشداریکردنی لوتکەی 'پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا' لۆقمان ئەحمێ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بارەی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرامبەر بە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورت دوا.

'لە عەفرین قڕکردن بەردەوامە'

لوقمان ئەحمێ رایگەیاند، دەوڵەتی تورک کە بە خەون و خەیاڵەکانی دەوڵەتی عەسمانییەوە دەژیت، لە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تاوانی دژی مرۆڤایەتی وەکو پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە، ئەنجام دەدات و وتی:" دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨ هێرشی عەفرینی کرد و منداڵ و ژن و بە سەدان کەسی دیکەی مەدەنی کوشت. بە هۆی هێرشەکانییەوە، ٥٠٠ هەزار کەسی مەدەنی ناچار بوون ئاوارە ببن. دەوڵەتی تورک گروپە چەتەکان و خێزانەکانیان لە شوێنی خەڵکی ناوچەکە نیشتەجێ دەکات. لە ناوچەکە قڕکردنی ئابۆری و کۆمەڵایەتی بەردەوامە. تا ئێستاش بە زەخت و گوشار و بە زۆرەملێ هەوڵ دەدرێت خەڵک ئاوارە بکرێت. موڵک و ماڵ و باخی هاوڵاتییانیان دەست بەسەردا گرتووەو بە تاڵانی دەبەن."

'بە سەدان هەزار کەس زیانیان بەر کەوت'

ئەحمێ رایگەیاند دەڵەتی تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە جارێکی دیکە لە دژی هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستی بە هێرشێکی دیکە کرد و وتی:" بە هۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی سەرێکانی وگرێ سپی بە دەیان کەسی مەدەنی کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسیش ناچار بوون خاکەکەیان بجێ بهێڵن. لە ناو ژمارەی ئاوارەکاندا ٨٠ هەزار منداڵیش هەن. لە هەمان کاتد بە سەدان هەزار منداڵ بێبەش بوون لە خوێندن و پەروەردە. ئاوارەکان لە خوێندنگای شارۆچکەکان جێگیر کراون. بەم هۆیەوە پڕۆسەی خوێندن لە ١٤٨ خوێندنگە وەستاوە. بەهۆی ئەوەی ئێستا لە وەرزی زستانداین، بارودۆخی ئاوارەکان نالەبارە. ئاوارەکان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەر دەبەن."

ئەحمێ تیشکی خستە سەر ئەوەی چەتەکانی دەوڵەتی تورک دیمەنی ئەو ماڵانەی تاڵانیان کردوون، دەنێرن بۆ خاوەنەکانیان و وتی:"ئەو کەسانەی بۆ خاوەنداریی لە ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە ناوچەکە، لە لایەن چەتەکانەوە دەکوژرێن و دیمەنی کوشتنەکانیش بۆ کەسوکاریان دەنێڕن. دەوڵەتی تورک بەم دڕندایەتییە دەیەوێت ئەو گەل و پێکهاتانەی کاتی خۆی لە ژێر زوڵمی عوسمانییەکان رزگاریان بووە، لەناو بەرێت."

"پێویستە مەدەنییەکان بەگڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان'

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک هەروەها باسی لەوەش کرد کە پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی شەڕەوە و وتی:" ئەوانەی لە بەرامبەر ئەم تاوانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگن، هاوکاری ئەم تاوانانەن. ئێمە بەناوی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا داواکا دەکەین بارودۆخ ئاسایی بکرێتەوەو ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان. دەوڵەتی تورک دەیەوێت دیمۆگرافی بگۆڕێت و پاکتاوی نەژادی ئەنجام بدات. ئەمەش بە پێی یاسا نێودەولەتییەکان قبوڵکراو نیە. بەڵگەی تەواو لەبەر دەستدا هەیە بۆ ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک. ئەم بەڵگانەش پێشکێش بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکرێن."

ز.ش