کاروانی سەربازیی روسی و تورکی جارێکی تر بەردباران کرا

کاروانێکی هاوبەشی سەربازانی روسیا و تورکی داگیرکەر لە شاری دربێسی جارێکی تر رووبەرووی نارەزایەتی توندی هاوڵاتیان بوویەوەو بەردباران کرا.

سەربازانی سوپای روسیا و تورکی داگیرکەر لە رۆژئاوای شاری دربێسی بە کاروانێکی ئۆتۆمبیلی سەربازی گەشتێکیان ئەنجام دا. دانیشتوانی ناوچەکە جارێکی تر ناڕەزایی توندیان پیشاندا و کاروانە سەربازییەکەیان بەردباران کرد.

ئەمە چەندین جارە کاروانی هاوبەشی سەربازی هەر دوو سوپاکە بە ناو شارو شارۆچکەو گوندەکانی رۆژئاوای کوردستاندا دەگەڕێن بەڵام هەموو جارێکیش رووبەرووی ناڕەزایەتی توندی هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان بوونەتەوە.

لە ٨ی ئەم مانگەشدا لە هەردوو ناوچەی گرکێ لەگێ و دێرکیێ سەر بە کانتۆنی جزیر کاروانێکی سەربازی روسی و تورکی داگیرکەر، رووبەرووی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بوونەوەو بەردباران کران. لە کاتی ناڕزایەتیەکەدا سەربازانی تورکی داگیرکەر دەستڕێژی گولەیان کرد بە ناو خەڵکدا و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی سەرخۆبون عەلی شەهید کراو ٥ هاوڵاتی تری مەدەنیش بریندار بوون.

لە لایەکی ترەوە ٥ی ئەم مانگەش، بە هەمان شێوە کاروانێکی هاوبەش کە لە ١٤ ئۆتۆمبیلی سەربازی و زرێپۆشی روسی و تورکی داگیر پێک هاتبوو، لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ رووبەرووی ناڕەزایەتی توندی هاوڵاتیان بوونەوەو بەردباران کرابوون.

ز.ش