گروپە تیرۆریستەکانی ئیدلب بۆ کوێ دەچن؟

قەیرانی ئیدلب ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتردەبێتەوە و لە ئیستادا بە تەنها ئەو گروپانەی کە گرێدراوی ئەلقاعیدە و پاشماوەی داعشن لە شارەکەدا ماون. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلب لە لایەن ڕژێمەوە ئەو گروپانە بۆکوێ دەچن؟

لە ئێستادا لە شاری ئیدلب شەرێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی سوریا و گروپی هەیئەت تەحریر / جەبهەت ئەلنوسرەی سەر بە دەوڵەتی ڕوودەدات. شەڕەکە زیاتر لە باکوور و ڕۆژئاوای شاروچکەی سەراقب و دەوروبەری چڕبووەتەوە و بەو هۆیەوە ناکۆکیەکانی تورکیا و ڕووسیاش زیادیکردووە. لەگەڵ پێشرەویەکانی هێزەکانی سوریا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمریکا و ناتۆ و هێزە ئەوروپیەکانیش جووڵەیان تێکەوتووە. لەم نێوەندەدا دۆخی گروپە سەلەفیەکانی سەر بە تورکیا کە وەک ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەمدەدرین دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلب جێگای پرسیارە.

ئەو گروپانە کە لە کاتی داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیاوە بەکارهێنران، لە ئیستادا وەک گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری قەیرانی سوریا لەقەڵەمدەدرێن و چارەنووسیان دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئیدلب لە لایەن ڕژێمەوە پرسیاری دروست کردووە.

ڕیشەی هەموو ئەو گروپانە دەگاتە ئەلقاعیدە کە بەهێزترینیان تەحریر شام /ئەلنوسرەیە. ئەلنوسرە لە ژێر سێبەری سوپای سوریای ئازاد لەوپەڕی شەڕی ناوخۆیی سوریادا پێکهێنرا. لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک ناوەکەشی گۆڕیوە بەڵام لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکاوە وەک گروپی تیرۆریستی ناسێنراوە.

سوپای فەتح

لەدژی ڕژێمی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە شەڕدان. لە ساڵی ٢٠١٥ دا زۆربەی ئەم گروپانە بەیەکەوە گروپێکیان بە ناوی سوپای فەتح پێکهێنا و ئیدلیبیان لە دەستی ڕژێم دەرهێنا. ئەو گروپانە کە تا ئێستاش هۆکاری قەیرانی ئیدلبن لە ئەحرار شام، توگای حەق، جیش ئەلسونە، ئەجناد ئەلشام، فەیلەق شام و کۆمەڵەی ئیمام بخاری پێک دێن کە هەموویان لە ژێر سێبەری گروپی سوپای فەتح کار دەکەن.

هەیئەت تەحریر ئەلشام

دوای ئەوەی ئەلنوسرە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناسێنرا، ناوەکەی خۆی گۆڕی و هەوڵیدا بەو رێگایە لە لیستی گروپە تیرۆریستیەکان بێتە دەرەوە، بەم هۆیەوە ناوەکەی بۆ نوسرە ، جەبهەت ئەنسارەدین، جێش ئەلسونە، فەیلەقی نورەدین زەنگی گۆڕی و دواتر لە ژێر ناوی هەیئەت ئەلتەحریر ئەلشام جارێکیتر خۆی کۆکردەوە.

بەرەی ئازادیخوازی سوریا

دوای ئەوەی ڕژێمی سوریا لە باشووری وڵات، هەرێمەکانی دەرعا، قەنیترە و غوتە و قەلەمونی کۆنتڕۆڵکردەوە، ژمارەیەک گروپی تر چوونە ئیدلب. گروپە نوێیەکان و گروپەکانی پێشووی ناو ئیدلب دەستیان بە ناکۆکی کرد، بەو هۆیەوە گروپەکانی وەک نورەدین زەنگی و ئەحرار ئەلشام بەیەکەوە بەرەی ئازادیخوازی سوریایان دروست کرد.

بەرەی ئازادی نیشتیمانی

فەیلەق ئەلشام، شەهید ئەلئیسلام، جێش ئەلنەخبە، جیش ئەلسانی، فیرقەی حوریە، فەوج ئەلئەوەل و ئاخیرین، جێش نوسرە، فرقە ئیدلبیش بەیەکەوە بەرەی ئازادیخوازی نیشتیمانیان پێکهێنا.

پاشماوەکانی داعش

هەروەها گروپەکانی وەک ئەنسار ئەلتەوحید، جێش ئەلملاحم، جوند ئەلشەریعە، ئەنسار ئەلحەق، فەیلەقی ئەبوبەکر سدیق، جێش ئەلبادیە، جێش ئەلساحل، سریە ئەلغوربە، سریە ئەبوعبێدە جەراحیش گروپی خراس ئەلدینیان دروست کرد کە دوای داعش توندڕەوترین گروپی تیرۆریستین.

تورکستانی

حزبی ئیسلام تورکستانی بە زۆربەی ئەندامانی خەڵکی کۆمارە تورکەکانن لە هەرێمی وەک خسر ئەلشغوری ئیدلب هێزیان هەیە. ئەم گروپە بەشداری لە زۆربەی شەڕەکانی سوریادا کردووە و زۆربەی ئەندامەکانی پێشتر لەناو ڕیزەکانی داعشدابوون.

چیچانیەکان

گروپێکی چیچانیەکانیش لە ئیدلب جێگیر بوون. ئەم گروپە لە موهاجرین و سوپای ئەنسار و جوند ئەلشام و جیش عەسرا و ئەجناد ئەلقەفقاز پێک دێت.

سوپای نیشتیمانی سوریا

لە ناو ئەم گروپانەدا، تورکیا پشت بە سوپای بەناو سوریای ئازاد دەبەستێت. گرنگترین گروپە. ئەم گروپە نە تەنها لە ئیدلب، بەڵکو لە عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانیش بەشداری لە شەڕدا کردووە و سەرەنجی جیهانی ڕاکێشاوە. ئەم گروپە بە دەستدرێژیکردن، ئەشکەنجە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەناسرێت. ئەم ڕێکخستنە لە گروپەکانی وەک فەیلەق ئەلشام، تومان حەمزە، ئەحرار ئەلشەرقیە، جێش ئەلئەحرار، توگای سوڵتان موراد، توگای سەڵاحەدین ئەیوبی. ئەحرار ئەلشام، بزوتنەوەی حەزیمە، نورەدین زەنگی، سوپای ئیسلام، سوپای موجاهدین، توگای فاروق، بزوتنەوەی ئەلموجاهیدین، توگای فاتح سوڵتام محەمەد، توگای سەمەرقەند، بزوتنەوەی ئەلشامیە، سەربازانی ئەلشومال ئەلعەزاز و بزوتنەوەی ئەلنەخبە پێک دێت.

دوای ڕووخانی ئیدلب؟!

باسی ئەوە دەکرێت ژمارەی ئەم گروپە سەلەفیە توندڕەوانە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس دەبن. ئەندامانی ئەم گروپانە کە پێشتر لە شارەکانی وەک حەما، دەرعا، قەنیترە، دیمەشق، حەلەب و ناوچەکانی تر بوون، لە ئێستادا لە حەلەبن و لەدژی ڕژێمی ئەسەد لەشەڕدان. هێشتا دیار نییە لە ئەگەری کەوتنی ئیدلبدا بۆ کوێ دەچن و بۆ کوێ ئاڕاستە دەکرێن. پێشبینیدەکرێت دەوڵەتی تورک دوای کەوتنی ئیدلب دەست لەم چەتانە هەڵگرێت کە لەگەڵ خانەوادەکانیان ژمارەیان چەند سەد هەزار کەسن. لە ئەنجامدا پەیوەندیان لەگەڵ تورکیاش تێکدەچێت. باسی ئەوەش دەکرێت، لە ئەگەری کەوتنی ئیدلب، ئەم چەتانە هێرش بکەنە سەر بەشێک لە ناوچەکانی تورکیا.

سەرچاوە: ئاژانسی میزۆپۆتامیا

ف.ق