ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ ی ئیهەدە: لە ئیمراڵی یاسا پێشێل دەکرێت

ئیهەدە ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بە گۆشەگیری ئیمراڵی یاساکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی پێشێل دەکرێت.

ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ ی ئیهەدە

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ ی ئاشکرا کرد، بۆ ئاشکراکردنی ڕاپۆرتەکە لە بینای ناوەندی گشتی ئیهەدە کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و چەندین پارێزەر بەشداربوون.

هاوسەرۆکی گشتی ئیهەدە حوسەین کوچوکبالابان ڕاپۆرتەکەی خوێندەوە. ڕایەگەیاند دەسەڵات لە ئابوورییەوە تا تەندرووستی هەموو پرسێکی کردۆتە پرسی "ئەمنی"، کێشەی کورد دەبێتە هۆکاری شەڕ و پێکدادان، جەختی کردەوە لە ئەنجامی ئەم سیاسەتانە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لە زۆربەی بوارەکاندا مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراون.

کوچوکبالابان ئاماژەی بەوە کد پرسی کورد یەکێکە لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکانی بەردەم دیموکراتیکبوونی تورکیا، جەختی کردەوە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد ڕێگە بۆ پێشێلکاری گەورەی مافەکانی مرۆڤ و برسێتی و هەژاری دەکاتەوە.

کوچوکبالابان تیشکی خستەسەر گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ٢٥ ی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە ڕێگە بە بنەماڵي و پارێزەران نادرێت چاویان پێ بکەوێت، گوتی: "بێبەشکردنی زیندانیان لەم مافە بنەڕەتییانە و دیارنەبوونی چارەنووسیان بەم کارانەی کە هیچ بناغەیەکی یاسایی نییە، پێشێلکردنی گەورەی یاسا نێونەتەوەییەکانە، هەروەها پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤە".

هەروەها تیشکی خستەسەر سەردانەکانی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) لەنێوان ١٣-٢٢ ی شوباتی ٢٠٢٤ و گوتی: "سی پی تی لە چەند ساڵێکدا زیاتر لە ١٠ جار سەردانی زیندانی جۆری F ی ئیمراڵی کردووە، یەک لە خاڵانەی ئاماژەی پێ کردووە، دەبێت زیندانیان چاویان بە بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بکەوێت".

ئیهەدە ڕایدەگەیەنێت بەگوێرەی داتاکانیان لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٥ هەزار و ٣١٢ کەس ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە و سوکایەتی و سزا بوونەتەوە.