لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە سلێمانی لە باشووری کوردستان، ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون، شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکە شەرمەزارکرا.
کۆمەڵەی ژنانی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە) و دیسک باسن- ئیش لەبەردەم بینای دەفەگە لە ئامەد ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە، پەرلەمانتاران جەیلان ئاکچا و مەرال دەنیش بەشتاش و محەمەد ڕوشتو تریاکی و نوێنەری ڕێکخراو و ڕۆژنامەنووسان بەشداربوون.
هەرچەند پۆلیس بەردەم بیناکەیان گەمارۆدا و هەوڵیاندا ڕێگری بکەن، بەڵام چالاکوانان گوێیان پێ نەدا و درووشمی "چاپەمەنی ئازاد سەرکوت ناکرێت"یان بەرزکردەوە.
بەڕێوەبەری مەکەگە ئایسەل ئیشک هێرشی سەر چاپەمەنی ئازادی شەرمەزار کرد و گوتی: "بانگەواز لە ڕای گشتی نێونەتەوەیی دەکەین دەستبەجێ بەرامبەر هێرشە سیستەماتیکەکان بوەستێتەوە".
ئیشک ڕایگەیاند ئامانج لە هێرشەکان سەرکوتکردنی دەنگی گەلە و پەدەکە هاوکاری هێرشەکانە. جەختی کردەوە بە پێداگرییەوە دژی هەموو هێرشەکانی سەر چاپەمەنی ئازاد، تێدەکۆشن.
هەروەها بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی چاپەمەنی و پارێزەرانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی کرد و گوتی: "دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد، دەنگتان هەڵبڕن".
ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.