بنەماڵەی شەنیاشار تێکۆشانەکەیان گواستەوە بۆ پەرلەمان

ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەی پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار تێکۆشانی دادپەروەرییان گواستەوە بۆ بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان.

رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، کەسوکار و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا، لە ناوچەی پیرسوس هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لەو هێرشەدا هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران. ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەی پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) فەرید شەنیاشار کە بە برینداری لە هێرشەکە دەربازی بوو، تێکۆشانی دادپەروەریی خۆیان گواستەوە بۆ بەردەم دەرگای سەرۆکایەتی پەرلەمان.

دایکە شەنیاشار پاش چالاکییەکەی دوێنێ، تەواوی شەو لە پەرلەمان مایەوە، چالاکییەکە کە لە ژووری فەرید شەنیاشار لە پەرلەمان بەردەوام بوو، لە ڕۆژی دووەمدا لەبەردەم دەرگای شەرەف بەردەوام بوو. لە چالاکییەکەدا لافیتەی "دادپەروەری" هەڵگیرا و بەرپرسانی پەرلەمان چەند جارێک هەوڵیاندا ڕێگری لە چالاکییەکە بکەن. بەڵام بنەماڵەی شەنیاشار پێداگربوون.

دایکە شەنیاشار داوای دادپەروەری دووبارە کردەوە، پاشان فەرید شەنیاشار تیشکی خستەسەر سەر ڕووداوەکە و داوای ئازادکردنی براکەی کرد، گوتی: "ئەوانەی کۆمەڵکوژییەکەیان کرد لەدەرەوەن، بۆچی براکەم لە زیندانە؟".

فەرید شەنیاشار داوای کرد پەرلەمان ڕۆڵ بگێڕێت لە کۆتایی هێنان بەم ستەمە و تاوانباران دادگایی بکرێن بەبێ گوێدانە پلە و پۆستەکانیان.

فەرید شەنیاشار ڕایگەیاند ئەگەر داواکارییەکانی دایکی بێتەدی کۆتایی بە چالاکییەکەیان دەهێنن، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان لێدوانێکی ئەرێنی بدات کۆتایی بە چالاکییەکەیان دەهێنن، ئەگەر نا ٢٤ کاتژمێر چالاکییەکەیان لەبەردەم پەرلەمان بەردەوام دەبێت.

چالاکییەکە لەبەردەم دەرگای پەرلەمان بەردەوام بوو، شەو لە ژوورەکەی فەرید شەنیاشار لە پەرلەمان بەردەوام دەبێت.