بەھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران ٣ کۆڵبەر بریندار بوون

بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران، ٣ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ھەورامان و بانە لە ڕۆژھەڵاتی کورستان بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆڵبەر نیوز، شەوی ڕابردوو ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی سنووری 'تەتە'ی ھەورامان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی 'سەباح. م' تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی گوندی ھەڵوژانی مەریوان و 'کەنعان تەباسیدە' تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی مەریوان، بریندار بوون.

لە لایەکەی دیکەوە ڕۆژی ٢٠ ئەیلول، لە ناوچەی سنووری 'کێلە'ی بانە، کۆڵبەرێک بەناوی 'فەرید' بەھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی سوپای پاسداران بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ڕۆژانە لەناوچە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كۆڵبەران کە بە ھۆی نەبوونی ھەلی کار و لە پێناو دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان ڕوو لەو ناوچانە دەکەن، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە ڕاستەخۆ دەكرێنە ئامانج و بەوهۆیەوە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو دا ژمارەیەكی زۆر لە كۆڵبەران گیانیان لەدەستداوە یان بە سەختی بڕیندار بوون.

ژ.ن