دەبەپە: لەیلا گوڤەن ئازاد دەبێت و زاڵمەکان حساب دەدەن

پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) نارەزایی لەبەرانبەر سزای سەر لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە نیشاندا و وتی، " بێگومان زاڵمەکان حسابی ئەم تاوانە دەدەن."

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەبەپە نارەزایی بەرانبەر سەپاندنی سزای ١١ ساڵ و ٧ مانگ بەسەر لەیلا گوڤون هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی پیشاندا کە لە زینداندایە و تۆمەتی بانگەشە بۆ رێکخستنیان خستووتە پاڵی.

دەبەپە رایگەیاند کە ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک یاسایی نییە و وتی، " لەگەڵ ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شۆرشی ژنان لەدژی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری پیاو رۆژ بە رۆژ زیاد دەبێت، ئەو سزایەی بەسەر لەیلا گوڤەندا سەپێنراوە، نیشانەی عەقڵیەتی دەزگا دادوەریەکانە کە لەلایەن قەسرەوە بەڕێوە دەبرێت."

دەبەپە گوتی، " دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کە لە قسەی ژنە سیاسەتمەدارێک دەترسێت، بیر دەکاتەوە کە بە زۆر دەتوانێت ئەوانەی لەدژی قسە دەکەن بێدەنگ دەکات. هەڤاڵمان لەیلا گوڤەن لە زینداندا بەرخۆدان دەکات. لەیلا، ئایسەل، گولتان، فیگەن، سەباحەد، ناگیهان و ژینا ئەمینی کە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لەدژی زوڵم رادەپەڕن، هیچ کاتێک سەریان بۆ زوڵم و زۆردەستی دانانەوێنن. ئێمە لەپشت هەڵوێستی لەیلا گوڤونین کە بۆ چارەسەری کێشە سەرەکیەکانی تورکیا بە تایبەتی کێشەی کورد ژیانی خۆی بۆ سیاسەتی دیموکراتی بەخت کردووە و بۆ ئازادی ژنان تێدەکۆشێت. لەیلا گوڤەن ئازاد دەبێت، زاڵمەکان حساب دەدەن و یاسا نابێتە ئامێری حکومەت."
ف.ق