گروپە نەژادپەرستەکانی تورکیا لە سەر تۆڕی تێلیگرام خۆیان رێکخستووە

گروپە فاشیستەکان لە تورکیا لەسەر هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا خۆیان رێکخستووە و ئەو گروپانە پەروەردەی چەکداری دەدەن، کەمپ دروست دەکەن و لە سەر پلاتفۆرمەکانی وەک تێلیگرام، ئیکس و ئینستاگرام پڕۆپاگەندە بڵاودەکەنەوە.

گروپە فاشیست و نەژادپەرستەکان لە تورکیا بە بێ ئەوەی پێویستیان بە خۆحەشاردان هەبێت لەسەر پلاتفۆڕمەکانی گفتوگۆ و دیجیتاڵ میدیا خۆیان رێکخستووە. ئەو گروپانە دەڕژێنە شەقامەکان و هێرش دەکەنە سەر کوردان، کۆجبەران، رومانەکان و خەڵکانی ناتورک.

لەم دواییەدا کەسێک لە ئەسکیشەهیر جلوبەرگی نازیەکانی لەبەرکردبوو و پەلاماری خەڵکی دابوو، بەمەش جارێکی دیکە خۆبەڕێکخستنی رێکخراوە فاشیستیەکانی لە تورکیا خستبووەوە بەرباس. ئەو دۆخە کە لەناو رای گشتیدا بووەتە مایەی مشتومڕ، لەبەر ئەوەی وەک پێویست تێگەیشتنی لەسەر ساز نەبووە جارێکی دیکە پەردەپۆش کرا.

فاشیزم و نەژادپەرستی ریشە و مێژووەکەی بۆ دامەزراندنی کۆمار و پێش ئەوەش دەگەڕێتەوە. دەوڵەت بە شێوەی شاراوە یاخود ئاشکرا پشگیری لەو گروپانە کرد و تێکەڵ بە کادرەکانی دەوڵەتی کردوون.

تادێت نەژادپەرستی لەناو گەنجانی تورک زیاتر پەرە دەستێنێت

بە گوێرەی راپرسیەکی ساڵی ٢٠١٧ لەسەدا ٣٢ گەنجانی تورک باسیان لەوەکردووە کە نایانەوێت لەگەڵ کەسانی سەر بە نەتەوەکانی دیکە لە یەک شوێندا بژین، لەسەدا ٧٠س وتوویانە نایانەوێت لەگەڵ سوریەکاندا لە یەک شوێندا بژین یاخود دراوسێیان بن.

گروپ و رێکخراوە فاشیستییەکان کە تادێت ژمارەیان زیاد دەکات، تەنانەت حزبە نەژادپەرستەکانی وەک مەهەپە بە نەرم و ناکارا ناودەبەن و رایدەگەیەنن، چیتر نەک بە شێوەی شاراوە، بەڵکو بە ئاشکرا چالاکی دەکەن و لە رێگەی پلاتفۆڕمەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە، لەسەر بەکارهێنانی چەک بابەتی راهێنان بڵاودەکەنەوە، هەروەها کامپ دروست دەکەن و پڕۆپاگەندە بۆخۆیان دەکەن و لە رێگەی چەندین پەڕە و هەژمار لە تۆڕەکانی وەک تێلیگرام، ئیکس و ئینستاگرام وێنە و ڤیدیۆ و بابەتەکانیان بڵاودەکەنەوە.

دژایەتی کۆچبەران

رێکخراوە فاشیستیە نوێکان خۆیان لەسەر باڵادەستەیی تورک رێکخستووە و یەک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانیشیان دژایەتیکردنی کۆچبەرانە و زۆرینەی ئەندامانیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵن و ئەو گەنجانە لە پارتە نەژادپەرستەکانی وەک مەهەپە و بەبەپە توڕەن و تاوانباریان دەکەن بەوەی لەگەڵ ئاکەپە کاردەکەن. لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە بیرکردنەوەکانی پارتی زەفەر بە سەرۆکایەتی یومید ئۆزداغ دەکەن.

یەک لەو گروپانە ئاتامان کارداشلیگییە کە لە تێلێگرام مانیفیستۆی خۆی بڵاوکردووەتەوە، ئەوانەی بە پلەی یەکەم لەلایەن ئەوانەوە دەکرێنە ئامانج  و دەکوژرێن عەرەب، کورد، ئەفغان و پاکستانین. لە پلەی دووەمدا یەهودی، مرۆڤە رەشپیستەکان و فارسەکان و لە پلەی سێهەمیشدا ئەرمەنی، روم و چەرکەسەکانن.

ئەو گروپە بەر لەماوەیەک لە تێلیگرام دیمەنی راهێنانی چەکداری بڵاوکردبووە کە لە یەکێک لە دارستانەکانی ئیستەنبوڵ تۆمارکرابوو. هەروەه دیمەنی هێرش بۆ سەر کۆچبەرانی سوری بڵاوکردبوووە.

گروپێکی دیکە سانساسیۆنەل توران بیرلیگی (سەتەبە) یە کە هێرشەکانی سەر کۆچبەرانی سوری رێکدەخات و پێش و پاش هێرشەکە دیمەنەکان تۆمار دەکات و بڵاویان دەکاتەوە. گروپێکی دیکە تورنڤاریە کە زیاتر هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر گەریلا و وێنەی گەریلا شەهیدەکان بڵاودەکاتەوە.