'گیان لەدەستدانی حاجی ئەحمەدی زیانێکی مەزنە بۆ شۆڕشی کوردستان'

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە ڕایگەیاند گیان لە دەستدانی حاجی ئەحمەدی زیانێکی مەزن بۆ گەلی کورد، شۆڕشی کوردستان و کەنەکە و گوتی: "لەسەر ڕێگەکەت دەبین، هیوا و خواستەکانت بەدیدێنین."

حاجی ئەحمەدی

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە هۆکی کۆچی دوای سیاسەتەمەدار حاجی ئەحمەدی بە پەیامێک سەرساغی خۆی بۆ گەلی کوردستان، ئەندامانی کەنەکە، ئەندام و لایەنگرانی پەژاک و بنەماڵەی حاجی ئەحمەدی کرد.

پەیامەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:

"هەواڵی دڵتەزێن و ناخ هەژێنی کۆچی دوایی ئەندامی دامەزرێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و هاوسەرۆکی پێشووی پەژاک کاک عەبدولرەحمانی حاجی ئەحمەدی گەیشتە دەستمان و زۆر دڵتەنگبووین. کاک حاجی ئەحمەدی لە ساڵی ١٩٦٤ وەک خوێندکاری کورد هاتۆتە ئەڵمانیا. لەو کاتەدا لە ئەورووپا تەنها یەک ڕێکخراوی کوردی هەبوو بە ناوی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد، کاک حاجی ئەحمەدی بوو بە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و جێگەی خۆی لە کاری وڵاتپارێزییدا گرت. پاشان چووە چیکۆسلۆڤاکیا بۆ ئەوەی لەوێ درێژە بە خوێندن بدات. لە شاری پراگ لەگەڵ شەهید عەبدوڕەحمان قاسملۆ هاوڕێیەتی دەکات و دواتر دەبێتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا). لە سەرەتای شۆڕشی ئێراندا (١٩٧٩) لەگەڵ کاک قاسملۆ گەڕانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرەتای شۆڕشدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگەی خۆی گرتووە و لە چوارچێوەی حدکادا بەرپرسیارێتی وەرگرتووە و بووە بە بەشدارێکی کارا. پاشان وەک ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی حدکا هاتەوە ئەوروپا.

کاک حاجی ئەحمەدی لە دەرەوەی وڵاتیش تا دوا ڕۆژی ژیانی خەباتکار و نیشتناپەوەرێکی چالاک بوو. بوو بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، دواتر دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری و دەستەی دامەزرێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان. ماوەیەکی زۆر ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە بووە و تا کۆتایی ژیانیشی ئەندامێکی چالاکی کەنەکە بووە. ساڵی ٢٠٠٤ وەک ئەندامی دامەزرێنەر لەکۆنگرەی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاکدا بەشداربووە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتە، هەر لە کۆنگرەی یەکەمیشدا بە سەرۆکی گشتی پژاک هەڵبژێردراوە.

کاک حاجی ئەحمەدی ٢٦ ساڵ ئەندامی کارای کەنەکە بووە و چەند خولێکیش ئەندامی کۆنسەی بەڕیوەبەریی کەنەکە بووە. وەک ئەندامێکی پێشەنگ لە هەموو چالاکیی و کۆبوونەوەکانی کەنەکەدا ئامادەبوو. به تایبه تی له کارکردن بۆ ڕۆژهه ڵاتی کوردستان پێگەیەکی دیاری هه بوو. کاتێک ڕاپەڕینەکان لەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەستیپێکرد، هاوڕێ حاجی ئەحمەدی سەرەڕای نەخۆشی و تەمەنی زۆریشی، لەە دەرەوەی وڵات بەشداریی لە چالاکییەکادا دەکرد و جێگەی خۆی لە ڕاپەڕینەکەدا گرت.

کۆچی دوایی هەڤاڵ حاجی ئەحمەد زیانێکی گەورەیە بۆ ئێمە و بۆ هەموو گەلەکەمان و بۆ شۆڕشی کوردستان. دڵگرانین بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕاحمانی حاجی ئەحمەدی، هاوبەشی خەم و پەژارەی خانەوادە و دۆستانی بەڕێزیانین. بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و ئەندامانی کەنەکە و ئەندامان و لایەنگرانی پژاک و زەحمەتکێشانی شۆڕش و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین.

هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی دڵنیابە بە شوێن پێی تۆدا دەڕۆین، خواست و هیواکانت بەدی دێنین."