هاووڵاتیەکی خەڵکی دهۆک لە تورکیا لە لایەن ١٢ کەسەوە هێرشی کرایەسەر و کوژرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی دهۆک دوای ئەوەی لە دوبەیەوە گەڕاوەتەوە ئیستەنبوڵ، لەلایەن ١٢ کەسەوە درایە بەر چەقۆ و کوژرا، لە ئێستاشدا خانەوادەکەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون.

بەپێی زانیارییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هاووڵاتییەکی خەڵكی دهۆک لە ئیستەنبوڵ درایە بەر چەقۆ و کوژرا.

ئەو هاووڵاتییەی کە کوژراوە ناوی حەکیم لوقمانە و لە لایەن ١٢ کەسەوە هێرشی کراوەتەسەر و چەقۆیەک بەر دڵی کەوتووە، هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندارن.

تا ئێستا نازانرێت هۆکاری درووستبوونی شەڕەکە چییە، بەڵام زانراوە کەسی کوژراو پێشانگای ئۆتۆمبێلی هەیە و لە دوبەیەوە لەگەڵ برازایەکی و ئامۆزایەکی کە بریندارن گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ.

بکەران هەڵهاتوون و تا ئێستا دەستگیر نەکراون، هاوکات خانەوادەی حەکیم لوقمان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون.

حەکیم لوقمان تەمەنی ٤٥ ساڵ بوو، ژیانی هاوژیانی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە، هەروەها دانیشتووی شارەدێی کەڵەکچی بوو لە پارێزگای دهۆک.