نورای ئۆزدۆغان و سەرحەد ئەرەن هاوسەرۆکانی کۆمسیۆنی یاسا و مافی مرۆڤی هەدەپە بەبۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ڤارتینیس ڕاگەیاندراێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ لە شارۆچکەی ڤارتینیس لە ناوچەی کۆرکۆتای پارێزگای موش ماڵی ناسر ئۆگوت لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە سوتێنرا. لەو ئاگرەدا ٩ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە بە سوتاندن کۆمەڵکوژکران، کە ٧ کەسیان منداڵ بوون و بەتەمەنترینیان ١٢ ساڵ و بچوکترینیشیان ٣ ساڵ بوو. ٢٩ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیەدا تێدەپەڕێت. ماوەی ٢٩ ساڵە هەوڵ دەدرێت، کە بڕیار لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە دەرنەکرێت و بکوژەکان سزا نەدرێن.
لە دوای هەوڵ و گوشاری زۆر دواین جار داواکاری گشتی داوای سزای زیندانی ١٨٠ بۆ ٢٢٥ ساڵ بۆ هەر تۆمەتبارێکی ئەو کۆمەڵکوژییە کردبوو. هەرچەندە لە ١ی ئازاری ٢٠١٦دا داواکاری گشتی کەیسەکە، داواکەی خۆی گۆڕی و جگە لە تۆمەتبارێک بە ناوی بولەن کارائۆغلو، داوایکرد تۆمەتبارەکانی دیکە ئازاد بکرێن. ئەو بڕیارە لەلایەن لقی یەکی دادگای سزای قورسەکانی ناوچەى قرق قەلەوە پەسەند نەکرا، چونکا لقی یەکی دادگای سزا قورسەکانی قرق قەلە دەیەوێت کەیسەکە بچێتە ناو پرۆسەی تێپەڕبوونی کاتەوە و لەو رێگەیەوە دۆسیەکە دابخرێت.
ئەو هەوڵەى دادگا لە کاتێکدایە کەیسی کۆمەڵکوژیی ڤارتینیس لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بە پاساوی تیپەڕبوونی کات دادەخرێت.
کۆمەڵکوژیی ڤارتینیس بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین و ڕێگاش نادەین وەک دۆسیەکانی تر بڕیاری لێبوردن و بەخشین بۆ تۆمەتبارەکان دەربکرێت و بە سزا نەدان تۆمەتبارەکان خەڵات بکرێن".
ژ.ت