هێرشی سەر کەنەکە لە سۆلۆتورن شەرمەزارکرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە سۆلۆتۆرن، دژی هێرشکردنە سەر نوێنەرایەتی کەنەکە گردبوونەوە، بنەماڵەی بارزانی هاوکاری دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە کانتۆنی سۆلۆتورنی سویسرا، ناڕەزایەتییان دەربڕی دژی کوشتنی نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، دەنیز جەودەت بولبون. هاوسەرۆکی چاندی کوردی سۆلۆتورن، کایا دەمیر، گوتی: "ئەمە نە یەکەم و نە دواهەمین خیانەتە. کورد هەرگیز گوێی بۆ خیانەت کەڕ نەکردووە و گوێی لەم خیانەتەش ناخەوێنێت. پەدەکەی هاوکاری دەوڵەتی تورک، دەزانێت دەوڵەتی تورک لە هەوڵی خنکاندن و قەتیسکردنی کورد دەدات. بە ڕێزەوە یادی هاوڕێ شەهیدەکەمان دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین خوێنی بەفیڕۆ نەچێت".

پاشان ئەندامی گەنجانی ئەنتەرناسیۆنالیست، تالاریجۆ، گوتی: "پەدەکە و دەوڵەتی تورک بە دەستی خۆیان ئەم کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامدا. مەبەست لەم کۆمەڵکوژییە کۆتاییهێنانە بە تێکۆشانی شەرەفمەندانەی کورد. تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، خۆی بۆ هەموو لایەک سەلماندووە و بە تێکۆشانەکەی بۆتە ڕووناکی، بە خیانەتەکانی پەدەکە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کۆتایی نایەت. دواهەمین کەس کە شکستیان هێناوە پەدەکەکەی خیانەتکار و دەوڵەتی تورکی عاشق بە کۆمەڵکوژییە. ئێمەی گەنجانی ئینتەرناسیۆنالیست دۆستی ئەم تێکۆشانە شەرەفمەندە دەبین و هاوبەشی تێکۆشانیان دەبین".

ئەندامی کۆمیونی شەهید ڕاپەڕین ئامەدی سۆلۆتورن، ڕۆدار جودی، بەناوی تەجەشەوە، گوتی: "دەوڵەتی فاشیستی تورک و پەدەکەی خیانەتکار، هێرشی قێزەون بۆ سەر کورد و تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەکەن. دەوڵەتی تورک بە دەستی پەدەکە باشوری کوردستانی زەوت کردووە. هەوڵ دەدات بە یاری قێزەون کۆتایی بە تێکۆشانمان بهێنێت و هەڤاڵانمان شەهید بکات. بەڵام با بزانن ئێمەی کورد و گەنجانی کورد بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە فاشیزمی دەوڵەتی تورک نادەین. تێکۆشانمان چڕتر دەکەینەوە و تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە. داوا لە هەموو کورد و دۆستانی دەکەین؛ بڕۆنە سەر شەقام و ئەم کۆمەڵکوژی و خیانەتە قبوڵ نەکەن. با بەرخۆدانی خۆمان بەهێزتر بکەین و کورد لەم خیانەتە ڕزگار بکەین".