بە دیمەن

هەزاران کەس لە لەندەن هاواریان کرد: دەستتان لەسەر کوردان بکشێننەوە!

هەزاران کەس لە لەندەن کۆبوونەوە، هێرشی پۆلیسی بەریتانیان دژی ناوەندی کۆمەڵگەی کورد و چالاکوانانی کورد شەرمەزار کرد و گوتیان: "دەست لە شەقام و دامەزراوەکانمان هەڵناگرین، دەستتان لەسەر کوردان بکشێننەوە".

لە لەندەن ناڕەزایەتی و تووڕەیی گەلی کورد و دۆستەکانیان دژی ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی بەریتانیا لە ٢٧ ی تشرینی دووەم دژی ناوەندی کۆمەڵگەی کورد و کوردستانیان بەردەوامە. داگیرکردنی ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لەلایەن پۆلیس و ئیفادەی چالاکوانان لە بنکەکانی پۆلیس، ٥ ڕۆژە بەردەوامە. کوردستانی و دۆستەکانیان دژی ئەمە ڕژانە گۆڕەپانەکان.

لەسەر بانگەوازی یەکێتی هێزە دیموکراتیکەکان و فیدراسیۆنی عەلەوییەکانی بەریتانیا، هەزاران کوردستانی و دۆستەکانیان لە گۆڕەپانی ترافالگار کۆبوونەوە و ڕەفتاری پۆلیسی بەریتانیان شەرمەزار کرد.

جەماوەر پانکارت و درووشمیان دژی هێرشەکە بەرزکردەوە، ئاڵای رێبەر ئاپۆ و یەپەگە و یەپەژەیان هەڵگرت.

لەسەر ناوی پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی چارلی یۆڵداش، بزووتنەوەی دادپەروەری، هارینگای و بزووتنەوەکانی کۆمەڵگەی یەکگرتووی بارنێت، قسە کرا. تێیدا جەختکرایەوە، بەریتانیا بۆتە هاوبەشی ئۆپەراسیۆن و هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک. هەروەها قسەکەران ڕەخنەی توندیان لە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار گرت.

ئاماژە بەوە کرا، پۆلیسی بەریتانیا لەسەر داوای دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە، دەوڵەتی تورک لە بواری مافی مرۆڤ و دیموکراسی بووەتە وڵاتێکی ترسناک و پشتگیری گرووپەکان وەک داعش دەکات، دەوڵەتی بەریتانیاش هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات دژی کوردان، گوترا: "شەرم بکەن! دەست لە تاوانبارکردن و بەتیرۆر دانانی کۆمەڵگەی کوردی هەڵبگرن، دەستتان لەسەر کوردان بکشێننەوە".

پاشان هەزاران کەس بە هەلهەلە و درووشم تا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەریتانیا (سکۆتلاند یارد) ڕێپێوانیان کرد، سروود و درووشمیان گوتەوە و هەڵوێستی پۆلیسیان شەرمەزار کرد. پاشان دۆسیەیەک لەلایەن مەجلیسی گەلی کوردەوە کە دەربارەی کار و پرۆژەکانی ٣٠ ساڵی ڕابردووی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دەدوێت و تێیدا داوای ئازادکردنی چالاکوانان کراوە، ڕادەستی بەرپرسانی سکۆتلاند یارد کرا. پاشان جەماوەر بەرەو بینای سەرۆکایەتی وەزیران ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوانکەران بە بەرزکردنەوەی درووشم بیناکەیان هەژاند و کەسانی دەوروبەریش پشتگیریان لە چالاکییەکە کرد. ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی وەزیران کۆتایی هات. دواتر لەسەر ناوی دەگەبە ئیبراهیم ئاڤجیل قسەی کرد.

نابینە کەرەستەی بازرگانییە نهێنی و گڵاوەکانتان!

ئاڤجیل ئۆپەراسیۆنەکەی وەک هێرشێکی دژە دیموکراسی ناوبرد، گوتی: " هێرشەکە دوای ٢ هەفتە لە کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی دەرەوەی تورک و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕوویدا، پێدەچێت ئەم هێرشە لەسەر بنەمای مەرجی ڕێککەوتنە بازرگانی و سەربازی و دیپلۆماسییەکان، دژی ڕێکخراوە کوردییە پێشکەوتووخواز و دیموکراتیکەکانی بەریتانیا ئەنجامدرابێت. دیسانەوە دەڵێین؛ نابینە کەرەستەی بازرگانییە نهێنی و گڵاوەکانتان".

داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکەن

هەروەها ئاڤجیل ڕایگەیاند گەلی کورد شکۆی مرۆڤایەتییان بەرامبەر گرووپە بەربەرییەکانی وەک داعش پاراست، بۆیە هێرشکردنە سەر ئەم گەلە قبووڵ ناکرێت، گوتی: "داوا دەکەین سیاسەتمەدار و وڵاتپارێزانی دەستبەسەرکراو ئازاد بکرێن، پۆلیسی بەریتانیا داوای لێبووردن لە گەلی کورد و ڕای گشتی دیموکراتیک بکەن".

هەروەها بانگەوازی لە هەمووان کرد خاوەندارێتی لەم بەرخۆدان بکەن و گوتی: "دەستبەرداری شەقام و دامەزراوەکانمان نابین".

پاشان جەماوەر بە چەپڵە و درووشم بڵاوەیان کرد، گرووپێک لە گەنجانی کورد لە گۆڕەپانی ترافالگار بە هەڵپەڕکێ درێژەیان بە چالاکییەکان دا.