کەجەدەکە_ئە: بە ڕۆحی کۆبانێ خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن!
کەجەدەکە_ئە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بانگەوازی کرد بە ڕۆحی کۆبانێ خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن و لە هەموو جێیەک ڕاپەڕن.
کەجەدەکە_ئە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بانگەوازی کرد بە ڕۆحی کۆبانێ خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن و لە هەموو جێیەک ڕاپەڕن.
کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە_ئە) دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەدەکە_ئە هاتووە: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە تەواوی مێژوودا، بۆ قڕکردنی گەلی کورد پەنا بۆ هەموو ڕێبازێکی قێزەون و کۆمەڵکوژی دەبات، ئێستەش لەگەڵ چەتە دڕندەکان دژی ڕۆژئاوا هێرشێکی نوێی دەست پێ کردووە. لەڕێگەی بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان و گەمارۆدانەوە دەیەوێت هەموو دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناوببات و شکست بە کوردان بهێنێت.
ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتە دڕندەکان لەناوبردنی گەلی کورد و ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. دەیانەوێت رێگە لە خۆبەڕێوەبەریی هەرێمەکە بگرن. ئەم هێرشە لەپێشچاوی جیهان و بە مۆڵەتی هێزە نێونەتەوەییەکان ڕوودەدات. بەم شەپۆلی هێرشەی کاریگەری لە تەواوی سوریا دەکات، دەخوازرێت ئەوەی داعش ئەنجامی نەداوە، ئەنجام بدرێت.
دیکتاتۆر ئەردۆگان و دەوڵەتی تورک کە بە پارەدارکردن و هاوکاری لۆجیستی بۆ چەتە دڕندەکانی داعش دەیەوێت کوردستان بکاتە گۆمی خوێن، بە موراد و ئامانجی خۆی ناگات. بەڵکو کارەساتێکی مەزنە. پێویستە گەلەکەمان لە هەموو جێیەک بە هەستیارییەکی مەزنەوە دژی هێرشە داگیرکارییەکان کە ڕاستەوخۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکاتە ئامانج، ڕابپەڕن و ڕۆڵی خۆیان لە تێکشکاندنی داگیرکاری بگێڕن. ئەم خاوەندارێتییە، مۆراڵێکی مەزن دەبەخشێتە گەلی بەرخۆدەری ڕۆژئاوا.
ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەوەیە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەناوببات و ڕۆژهەڵاتی ناوین بکاتە گۆمی خوێن. ئاشکرایە ئەم پلانە بەشێکە لە شەڕەکانی بەرژەوەندیی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە سەرپەرشتی هێزەکانی جیهان پێکدێت. دەوڵەتی تورکیش ئەمە بە دەرفەت دەزانێت و بەدوای ئامانجە نەژادپەرستییەکانی خۆی دەکەوێت و دەیەوێت قڕکردن ئەنجام بدات.
ئەوە دەوڵەتی تورکە کە پشتیوانی لە هێرشی چەتەکان دەکات. ئامانجی دروستکردنی ناکۆکییە لە نێوان گەلاندا. دەوڵەتی تورک هەموو دەرفەتەکانی خۆی بەکاردێنێت بۆ ڕێگریکردن لە چارەسەری دیموکراتیک لە سوریا. بە داگیرکردنی ڕۆژئاوا دەیەوێت شۆڕشی ژنان لەناو ببات.
بۆیە دژی هێرشەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک، ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە کە پشتیوانی خۆمان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئیرادەی گەل دامەزراوە، زیاتر بکەین. بانگەواز لە هەمووان دەکەین کە بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە پشتگیری لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکەن کە نوێنەرایەتی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵات دەکات. پێویستە گەلەکەمان لە هەر کوێن، بۆ پاراستنی شۆڕش و دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا خەبات بکەن.
بانگەواز لە گەلی نیشتەجێی ئەوروپامان دەکەین، دژی هێرشی تیرۆری دەوڵەتی قڕکەری تورک بە ڕۆحی کۆبانێ بڕژێنە گۆڕەپانەکان، پشتگیری گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن، دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن و ڕووی خوێنایی دیکتاتۆر ئەردۆگان لە هەموو جێیەک ئاشکرا بکەن. بڕژێنە شەقامەکان و بە چالاکی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیی خۆیان مەزن بکەن".