کەمپەینی "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان" لە زیندانەکانی ئێران بەردەوامە

دژی لەسێدارەدانەکانی دەوڵەتی ئێران، هەموو سێشەممەیەک زیندانیانی سیاسی چالاکی مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن، چالاکییەکە لە ٣٠یەمین هەفتەیدا بەردەوام بوو.

مانگرتن لە خواردن دژی سزای لەسێدارەدان

بەپێی ئامارەکان لەسەرەتای ئەمساڵەوە، لە ئێران زیاتر لە ٣٥٠ زیندانی لەسێدارەدراون. دژی ئەمەش، زیندانیانی سیاسی لە ئێران ٣٠ هەفتەیە چالاکی مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەبەن.

کەمەپینی "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان"، کە ئێستا سەدان زیندانیی لە ١٨ زیندانی سەرتاسەری ئێراندا بەشدارییان کردووە، لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان، دەوڵەتی ئێران بە ئامانجی ترساندنی کۆمەڵگە، ئەو سزایەی دژ بە ئازادیخوازان زیاد کردووە .

ئامانجی کەمەپینی مانگرتن لە خواردنی "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان"، کە لە ١٨ زیندانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کۆتاییهێنانە بە سزای نامرۆڤانەی سێدارە لە ئێران. بەشداربووانی کەمپەینەکە داوا دەکەن هەموو ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پشتگیری کەمپینەکەیان بکەن.