کەنەکە: ڕووڕەشی بۆ دوژمن و نۆکەرانیان

کەنەکە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی شەرمەزار کرد و گوتی: "لە خوێنی بەناهەق ڕژاوی هاوڵاتییان بێدەنگ نابین، ڕووڕەشی و شەرمەزاری بۆ دووژمنان و داگیرکەران و نۆکەرانیان".

دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر ڕێگای خەلەکان-کانی وەتمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی شەهید بوون. ئەمڕۆش بەهەمانشێوە لە سنووری شارۆچکەی چوارتا ئۆتۆمبیلێک کرایە ئامانج و سێ هاوڵاتی دیکە شەهیدبوون.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو شەهیدکردنی هاوڵاتییەکانی شەرمەزار کرد، گوتی: "بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بووەتە دیاردە و ھەر ڕۆژەو کەسانێک لە ھاوڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان بە ئامانج دەگیرێن، ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وێڕای پرسە و سەرخۆشیمان بۆ کەسوکاری ئەو پۆلە شەھیدە، ھاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاریان دەردەبڕین و زۆربە توندیش ئەو تاونە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین".

هەروەها کەنەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ھێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ڕای گشتی و خەڵکی بە ھەڵوێستی کوردستان و عێراق لە ئاست ئەو تاوانە نامرۆڤایەتییانەدا ھەڵوێست بنوێنن تا بە ھەموولایەک بتوانین سنوورێک بۆ ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورکیا دابنێین، کە بە کردەوەکانی مەترسی لەسەر ژیان و ئازادی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە درووستکردووە،  ئێمە لە خوێنی بە ناحەق ڕژاوی بۆردوومانەکانی ناوچەی خەلەکان و چوارتا بێدەنگ نابین ڕووڕەشی و شەرمەزاری بۆ دووژمنان و داگیرکەران و نۆکەرانیان".