کەنەکە: ڕۆژ، ڕۆژی پاراستنی ڕۆژئاوایە
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە دەربارەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "ڕۆژ، ڕۆژی پاراستنی ڕۆژئاوایە".
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە دەربارەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "ڕۆژ، ڕۆژی پاراستنی ڕۆژئاوایە".
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دەربارەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و سوریا ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و بانگەوازی کرد بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا. ئاماژە بەوە دەکات ناوچەکانی حەلەبی دەرەوەی گەڕەکە کوردییەکان، بەبێ بەرگری ڕژێمی سوریا کەوتوونەتە دەستی چەتەکان.
کەنەکە دەڵێت: ""پێنج ڕۆژ لەمەوبەر بە هەماهەنگی دەوڵەتی تورک، هەیئەی تەحریر ئەل شام (کە ڕێکخراوێکی سەلەفییە و پاشماوەی ئەلقاعیدە و داعشە) و سوپای نیشتمانی سوریا (کە بەزۆریی لەهێزی سەلەفی پێکدێت و سەر بە تورکیایە)، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ڕژێمی سوریا و پێشڕەویان کرد. ئەوەی جێگای سەرنجە، سوپای سوریا بەرگری نەکرد و پاشەکشەی کرد. لە ڕۆژی سێیەم دا چوونە ناو شاری حەلەب. لە دەرەوەی گەڕەکە کوردنشینەکان، حەلەب بەبێ شەڕ کەوتە دەستیان. لە بەرەکانی تریش دەستیان کرد بە هێرش و پێشڕەوییان کرد بۆ شاری حەما. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک (سوپای نیشتمانیی سوریا- زۆربەی لە هێزە سەلەفیەکان پێکدێت) هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمە کوردنشینەکان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئێستا شەڕ لە سەرجەم بەرەکان هەیە و هێرشێکی گەورە دەکرێتە سەر هەرێمی شەهبا و شارۆچکەی تەل ڕەفعەت کە زۆرینەی کۆچبەرانی عەفرین لەوێ نیشتەجێن.
هێرشەکە بە هەماهەنگی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێت
و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەنێو سوریادا ئیدارەیەکی دیموکراتیکە، هەموو پێکهاتە ئیتنیکی و ئایینییەکان لەنێویدا هەن. ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتییدا پێشەنگایەتی دەکەن.
هەیئەی تەحریر ئەل شام هێزێکی جیهادیی نێونەتەوەییە، دەیان هەزار جیهادیستی ئیگۆری و چیچانی و تورکمان و دەیان وڵاتی تر لەم گرووپەدا هەن. هەیئەی تەحریر ئەل شام لەسەر سنووری تورکیا دەمێنێتەوە و هەموو پێویستییە لۆجیستییەکانی لەلایەن تورکیاوە دابین دەکرێت. سوپای نیشتیمانیی سوریا ڕاستەوخۆ سەر بە تورکیایە و بە فەرمانی دەوڵەتی تورک دەجووڵێتەوە. هێرشەکانی ئەم هێزانە پلان بۆ داڕێژراون، بە ئاگاداری و هەماهەنگی تورکیا ئەنجام دەدرێن. هێرش بۆ سەر هەرێمە کوردنشینەکان و هەرێمەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕەێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕوونی ئەم ڕەوشە نیشان دەدات. ماوەیەکە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆگان بە ڕوونی دەڵێت "ئێمە ڕێگە بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نادەین و باکوری سوریا بە تەواوی داگیر دەکەین".
دە ساڵ لەمەوبەریش داعشی ناردە کۆبانێ
ڕەوشەکە ڕوونە. دەوڵەتی تورک لە پشت ئەم هێرشانەیە. زیهنیەتی عوسمانیی نوێ بەردەوامە و دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو هەرێمانە داگیر بکات. ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر ئەو هەرێمانەی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. دەوڵەتی تورک لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە (٢٠١١) لە پیلانی گڵاو و هێرشکردن بۆ سەر بە کوردانی ڕۆژئاوا بەردەوامە. دە ساڵ لەمەوبەریش ئەوانەی داعشیان ناردە سەر شاری کۆبانێ، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بوون. ئێستەش هەرێمەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر هێرشی هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک دان. ئەم هێرشە هاوشێوەی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ ـی داعشە بۆ سەر کۆبانێ.
سوریا دەکەنە مۆڵگەی سەلەفیە جیهادیستەکان
کوردانی ڕۆژئاوا لەبەردەم کۆمەڵکوژیدان. سەرنجی هێزە جیهانییە پەیوەندیدارەکان بە ڕەوشی سوریا، بۆ ئەم هێرشانە ڕادەکێشین، داواکارین هەمووان ئەم ڕاستییە ببینن و بەگوێرەی ئەم ڕاستییە هەڵوێست نیشان بدەن. سەرکەوتنی هەیئەی تەحریر ئەل شام و سوپای نیشتمانی سوریا، واتای ڕەوشێکی وەک سەردەمی داعشە. بە سەرکەوتنی ئەوان سوریا دەبێتە مۆڵگەی هێزە سەلەفی و جیهادیستەکان. پێویستە ڕێگری لەم ڕەوشە بکرێت.
بەم بۆنەیەوە بانگەواز لە هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی جیهان دەکەین، بەرامبەر دەوڵەتی تورک و هێزەکانی سەر بەو دەوڵەتە بوەستنەوە و ئیدارەی خۆبەڕەێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەنها جێ نەهێڵن.
پێویستە وەک سەردەمی کۆبانێ ڕووبکەنە ڕۆژئاوا
گەلەکەمان لە شەهبا و دەوروبەری حەلەب و کۆچبەرانی عەفرین و گەلی ڕۆژئاوا لەژێر هێرشدان و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە. پێویستە هەموو کورد و کوردستانی و دۆستانی کورد بە وردی چاودێری ئەم ڕەوشە بکەن و هەڵوێستیان هەبێت. بانگەواز لە هەموو کورد و کوردستانییان دەکەین وەک سەردەمی کۆبانێ بڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕوو لە ڕۆژئاوا بکەن و گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزن".