لە بالکەسیر ٣ کرێکاری بیناسازی بە هۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی دەستبەسەر کران

لە ناوچەی ئاڵتەیلولی بالکەسیر، ٣کرێکاری بیناسازی بەهۆی گوێگرتن لە مۆسیقای کوردی لەناو پارکێکەدا، بە بیانوی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستنی" و "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پۆلیس" دەستبەسەر کران.

لە بالکەسیر ٣ کرێکاری بیناسازی بە هۆی گوێگرتن لە مۆسیقای کوردی لە پارکێکەدا دەستبەسەر کران.

ئۆزگور ئیپەک، محەمەد ئارگن و جەماڵ گوزەل لە پارکێکەدا گوێیان لە مۆسیقای کوردی گرتووە کە پۆلیس بە بیانووی ئەوەی لە لایەن دەوروبەرەوە سکاڵایان لێکراوە، داوای ناسنامەیان لێدەکات، ئەو سێ کرێکارەش دەڵێن بە حەز و خواستی خۆمان گوێ لە مۆسیقا دەگرن و نایانەوێت ناسنامەکانیان ڕادەست بکەن، پۆلیس بەشێوەی توندوتیژی کرێکارەکان دەسبەسەر دەکەن.

بە پێی زانیاری بنەماڵەکانیان زانراوە کە دواتر کرێکارەکان براونەتە ناوەندی پۆلیس و لەوێ لێیاندراوە و دەستبەسەرکراون. هەر سێ کرێکارەکە دواتر لەلایەن پۆلیسەوە ڕەوانەی دادگای بالکەسیر کراون. لە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیدا، دەرکەوتووە هەر سێ کرێکارەکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستنی" و "بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ پۆلیس" ڕەوانەی دادگا کراون و لەلایەن دادگای سزای  سوڵحەوە زیندانی کران.