بە دیمەن

لە چالاکیی دانیشتن لە ژنێڤ ڕێککەوتنی بەغدا و ئەنقەرە شەرمەزارکرا

لە چالاکی ئەم هەفتەیەی دانیشتن بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و عێراق شەرمەزار کرا.

لە چالاکی دانیشتنی ئەم هەفتەیە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کاتی ئازادییە" کە لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە هەموو ڕۆژی چوارشەممەیەک ئەنجام دەدرێت، ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و عێراق شەرمەزار کرا.

سڵاو لە ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب کرا و لە کەسێتی فەرماندە عەگید خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدان پیشاندرا.

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی ژنێڤ، ئیبراهیم یوکسەل لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکیی ژنێڤ لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان باسی گرنگی هەڵمەتی ١٥ ی ئابی کرد.

ئاماژەی بەوە کرد لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لەنێوان دەوڵەتی تورک و حکومەتی عێراق کۆبوونەوە کراوە، ڕایگەیاند ئەمە مانای وایە حکومەتی بەغدا خاکی خۆی فرۆشتووەتە دەوڵەتی تورک.

یوکسەل ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هاوکاری پەدەکەی ڕەخنەکرد و گوتی: "گەلی کورد نامۆ نییە بەم ڕێککەوتنەی هەبوونی گەلی کورد و کوردستان ڕەچاو ناکات. چۆن لە ساڵی ١٩٢٣ بە پەیماننامەی لۆزان خاکی کوردستانیان کردە ٤ پارچە، دەیانەوێت بەم ڕێککەوتنە جارێکی تر دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببەن".

ڕایگەیاند ئەم ڕێککەوتنە تەنها لەنێوان ئیدارەی پەدەکە و حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورک واژۆنەکراوە، دەوڵەتانی ئیمپریالیستیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان واژۆیان کردووە.

یوکسەل بانگەوازی لە حکومەتی عێراق کرد دەست لەم ڕێککەوتنە قێزەونە هەڵبگرێت و خاکەکەی بپارێزێت، هەروەها بانگەوازی لە پەدەکە کرد دەست لە هەڵوێستی خیانەتکاری هەڵبگرێت.

هەروەها تیشکی خستەسەر ئەشکەنجەی گۆشەگیری ڕەهای ئیمراڵی و گوتی: "بەرپرسی ڕاستەقینەی ئەشکەنجەی گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتیمان، دەوڵەتانی ئیمپریالیستن".

هەروەها بێدەنگی ڕێکخراوی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەرامبەر گۆشەگیری شەرمەزار کرد، گوتی: "وەک گەلی کورد لەسەر بناغەی تێکۆشانی ڕێبەرێتی و ڕۆحی تێکۆشانی عەگیدەکان، تا دابینکردنی ئازادی، لە گۆڕەپانەکان دەبین و بەرخۆدان دەکەین".

پاشان بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لەو ئاهەنگەی بەبۆنەی ٤٠ هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب لە ٢٤ ی ئاب ڕۆژی سێشەممە ئەنجام دەدرێت، دواتر کوردستانیان بەردەوام بوون لە چالاکی دانیشتن.