لە شتوتگارت بە جۆشوخرۆشی مەزنەوە کۆمەڵەی دەکتەم کرایەوە

لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا بە بەشداری ژمارەیەک نوێنەری دامەزراوە و زیاتر لە هەزار کەس، ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد (دەکتەم)ـی نوێ کرایەوە.

بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان و نوێنەرانی دامەزراوە و پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان، بارەگای نوێی دەکتەم کرایەوە. پاش خولەکێک ڕێزگرتن، لەلایەن دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانی شتوتگارت بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی"، قردێلەکە بڕا.

بەهۆی زۆری ئامادەبووانەوە، سەدان کەس ناچاربوون لە دەرەوەی هۆڵەکەوە گوێ بگرن.  

هاوسەرۆکانی دەکتەم، مەسعود داغان و پەروین شەن، سەرەتا گوتیان: " ئەمڕۆ کۆمەڵەکەمان لەگەڵ گەلی هێژامان لە شتوتگارت و دۆستە ڕەنجدەرەکانمان دەکەینەوە. هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی شایستەی گەلەکەمان بین. لەسەر ئەو بنەمایە پیرۆزبایی کۆمەڵەکەمان لە سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان و گەلەکەمان دەکەین".

هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە)، زوبەیدە زومروت، گوتی: "ئێمە لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکی فاشیست و هێڵی خیانەتی بنەماڵەی بارزانی هەوڵی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورد دەدەن، وەک هەرێمی شتوتگارت کردنەوەی ئەم کۆمەڵەیە دەکەینە وەڵامێک. گەلی ئێمە بەرامبەر فاشیزم پاشەکشە ناکات، پەیامی گەلی ئێمە ئەوەیە، ئیتر گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ قبووڵ ناکەین".

هاوسەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی جڤاکە کوردستانییەکانی ئەڵمانیا (کۆن_مەد)، گوتی: " چوار پارچەی وڵاتەکەمان لە ژێر هێرشدایە. ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر ئەم هێرشانە بوەستینەوە و پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلەکەمان و گەریلاکانمان بکەین کە لە هەموو شوێنێکی کوردستان تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەن".

لەپاش پەیامەکان، هۆزان عەلی باران، هۆزان سیمار، هۆزان بەرمال چەم، هۆزان زەینەب ئەنحەس، سیدات و باوەڕ، غەریب نورهاک، کۆرسی مناڵان، هاتنە سەر شانۆ، جەماوەر بە گرێدانی هەڵپەڕکێ کردنەوەی کۆمەڵەکەیان پیرۆزکرد.