لە سیدنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرا

لە سیدنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرا و بانگەوازی پاراستنی ڕۆژئاوا کرا.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا لە شاری سیدنی ئوستورالیا شەرمەزار کرا.

چالاکییەکە لە لایەن ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیک(دەکتەم)ەوە بەڕێوەچوو. چەندین کەسایەتی سیاسی بەشداریی چالاکییەکە بوون.

سیناتۆری پارتی سەوز دەیڤید شوبریج لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی: "وەک زۆرێک لە ئێوە لە ماوەی سێ چوار ڕۆژی ڕابردوودا چاودێری پێشهاتەکانی سوریا و ڕۆژئاوام کردووە. گۆڕانکارییەکی باوەڕپێنەکراو لە هەرێمەکە ڕوودەدات. هیچ کام لە ئێمە فرمێسک بۆ ڕژێمی زاڵم و توندوتیژی ئەسەد ناڕێژین. دەبێت جیهان زیاتر گرنگی و پشتگیری ڕۆژئاوا بکات و دەستکەوتەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژائاوا بپارێزرێت.

هیوادارم کە حکومەتی ئوسترالیا لێدوانێکی ڕوون بدات بۆ پشتگیری کردن لە ڕۆژئاوا و قبوڵکردنی دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەری ڕۆژئاوا. سەدان هەزار ژن و منداڵ پێویستیان بە پاراستن هەیە. کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان پێویستیان بە پاراستن هەیە. پێویستە دەستکەوتە ئاوارتەکانی ڕۆژائاوا بپارێزین و ئەو دەستکەوتانە نەخەینە مەترسییەوە. پێویستە ئەوە ڕابگەیەنین کە هەوڵەکانی بەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی هەرێمەکان قبوڵ دەکەین".

هەروەها سەرنووسەری ڕۆژنامەی چەپی سەوز پیتەر بۆیل وتی: هیچ کام لە ئێمە دڵتەنگ نین بە کۆتایی هاتنی ڕژێمی ئەسەد. دیکتاتۆرییەک بوو، شتێک کە دەبوو بڕوات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چی جێگەی دەگرێتەوە؟ وەڵامەکەی ڕۆژئاوایە. هەموو ئایینەکان و هەموو نەتەوەکان بە ئازادی ژن و ژیانێکی هاوبەش دەژین. دەبێت حکومەتی ئوستورالیا پشتیوانی هەموو گەلانی سوریا بکات. ئێستا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لەوێ ڕوودەدات. سەدان هەزار کەس ماڵی خۆیان جێدەهێڵن و ڕۆژئاوا هاوکاریان دەکات، بەڵام یارمەتی دەرەکی لە کوێوە دێت؟ ئەگەر حکومەتی ئوستورالیا بەڕاستی خەمبارە، پێویستە میلیۆنان دۆلار ببەخشێتە مانگی سووری کورد. ئێستا پارە بنێرە. یارمەتیدانی ئەو مرۆڤانەی ماڵەکانیان جێدەهێڵن، هەڵاتن لە تیرۆر، گەڕان بەدوای شوێنێکی سەلامەت، بەسەربردنی شەو لە سەرمادا، بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبن. حکومەتی ئوستورالیا دەبێت لە دژی ئەم ئاڵۆزییە مرۆییە ڕاپەڕێت".

هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی ئوستورالیا، بروسک ئایڤەر، ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا لەژێر هەڕەشەی قڕکردن شەڕی مانەوە دەکات و وتی: "دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی زیاتر پشتگیری لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بکات. گەلی کورد کە مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی مەزن وەک دڕندەیی داعش دەپارێزێت. ئەو هێزەی کە پشتگیری داعش دەکات و چەکی پێ دەدات دەوڵەتی تورکە. ئەوە دەوڵەتی تورکە کە بە کۆمەڵکوژی هەڕەشە لە گەلی کورد دەکات. ناتوانین بەرانبەر ئەمە بێدەنگ بین. پێویستە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا دەنگی خۆمان بڵند بکەین و ڕۆژئاوا بپارێزین".

بە ناوی دەکتەم باران سۆگوت قسەی کرد و وتی: "گەلی کورد لە ڕۆژئاوا کە فاشیزمی داعشی لە ناوبرد، ڕووبەڕووی هەڕەشەی هێرش، کۆمەڵکوژی و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بووەتەوە. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە تایبەت ئوستورالیا پێویستە پشتیوانی بۆ گەلی ڕۆژئاوا زیاد بکات".

چالاکییەکە بە دروشمی "ئۆردۆگانی بکوژ"، "تورکیا تیرۆریست"، "بژی ڕۆژئاوا"، "ئازادی بۆ ڕۆژئاوا" بە کۆتا هات.