سلێمانی: ڕاگەیاندنی دوو ناوەندی دیکەی کۆکردنەوەی هاوکاری

لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ناوەندی ئەمنەسوورەکە و ڕۆشنبیری جەمال عیرفان کرایەوە.

دوایی ڕاگەیاندنی سەفەربەری کوردان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوا لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان دەستکراوە بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی کامپینی هاوکارییەوە. لەو چوارچێوەدا ئەمڕۆ لە ئەمنەسوورەکی شاری سلێمانی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ناوەندی ئەمنەسوورەکە و ڕۆشنبیری جەمال عیرفان کرایەوە، هاوڵاتییان دەتوانن ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩:٠٠ـی بەیانییەوە تا ٤:٠٠ـی ئێوارە هاوکارییەکانیان بگەیەنن.

ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەریی ئەمنەسوورەکە، لەبارەی کامپەینەکەوە ڕوونکردنەوەی بۆ ڕاگەیاندنەکان دا و وتی: "کوردانی ڕۆژئاوا لە ئێستادا لە بارودۆخێکی ناخۆشدان و پێویستە ئێمە هاوکارییان بین، بۆیە هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، بڕیارماندا بە ڕاگەیاندنی دوو شوێنی نوێ بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان لە شاری سلێمانی، ئەوانیش ئەمنەسوورەکە و ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفانە لە شەقامی سالم."

ئاکۆ غەریب لە دێژەدا ئاماژەی بەوەدا، کە جگە لە بنکەی نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و بەردەم ڕێکخراوی ئازادبوون و ئەمنەسوورەکە و ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، لە شارۆچکەکانی دیکەشدا ناوەندی بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان هەیە.