لە ئامەد پاش گردبوونەوە، ڕێپێوان ئەنجامدرا

جەماوەر پاش گردبوونەوەی "ئازادی" لە ئامەد بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" ڕێپێوان ئەنجامدرا.

بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، لە ئامەد گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا. دایکانی ئاشتی پاش گردبوونەوەکە، ڕێپێوانیان ئەنجامدا. دایکان لە شەقامی گەڤران ڕێپێوانیان کرد و درووشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"یان بەرزکردەوە. دایکان بە چەپڵە و هەلهەلە و درووشم کۆتایی بە ڕێپێوانەکەیان هێنا.

ئەو جەماوەرەی پاش گردبوونەوەکە بەرەو وێستگەی کاساپلاران ڕێپێوانیان کرد بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بمرێ خیانەت، بژی کوردستان" و "گەنجان فیدایی ڕێبەر ئاپۆن"یان بەرزکردەوە.  هاوڵاتیان بە چەپڵە و هێمای سەرکەوتن پشتگیریان لە ڕێپێوانەکە کرد. پۆلیس هێرشیان کردە سەر ڕێپێوانەکە و لە گەنجێکیان دا.

کاتێک ناڕەزایەتی نیشان درا بەرامبەر لێدانی گەنجەکە، پۆلیس ویستی ٢ کەس دەستبەسەر بکات. گەنجێک دەستبەسەرکرا و ئەویتریان لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە چنگی پۆلیس دەرکرا. پۆلیس هێرشیان کردە سەر دایکێک و پەیامنێری میزۆپۆتامیا جەیلان شاهینلی و لێیان دا.

پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر جەماوەر، لەوکاتەدا پەرلەمانتارانی دەم پارتی چیچەک ئۆتلو و زولکوف ئوچار و سەرۆکی نووسینگەی یاسایی ئامەد نیهاد ئەرەن و ئەندامانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) لەنێو جەماوەردا بوون. پاشان پۆلیس بە گوتنی "بڕوامان وایە بە فەرمان لێرە کۆبوونەتەوە" بەرگریان لە هێرشەکەیان کرد.

لە هێرشەکەدا ئەندامی لقی ئامەدی ئۆهەدە ئۆزوم ڤورگون دەستی شکا، گەلێک پارێزەر بە سوکی بریندار بوون. پەرلەمانتاری دەم پارتی چیچەک ئۆتلو ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکە دەربڕی و گوتی: "ئێمە لەپێناو ئازادی دژی گۆشەگیری ڕێپێوان دەکەین و دژی ئەمە دەنگ هەڵدەبڕین".