لە ئۆسلۆ و مالمۆ چالاکی بۆ ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو

لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و لە شاری مالمۆی سوید کوشتنی ژینا ئەمینی و هێرش بۆ سەر چالاکییە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزارکرا.

دوێنی شەممە سەدان کورد و ئێرانی و نەرویجی و لایەنەکانی تر لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لەبەردەم پەرلەمانی نەرویج کۆبوونەوە.

چالاکوانان هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانیان لە دژی چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی گەل شەرمەزارکرد و سڵاویان لە بەرخۆدانی گەل کرد.

چالاکییەکە لەلایەن کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەندێک رێکرخاویکی نەرویجی و ئێرانی  ڕێکخرابوو.

لە کاتی چالاکییەکەدا وێنەی ژینا ئەمینی، کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە تاران و کوژرا و و ئەو کەسانەى، کە لە ڕاپەڕینەکاندا بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن چەکدارەکانی رژێمی ئێرانەوە کوژراون، بەرزکرابوونەوە.

مالمۆ

 سەدان کەس بۆ هەمان مەبەست بەشداریی ڕێپێوانێکیان لە شاری مالمۆی سوید کرد.

چالاکوانان لە مۆلیڤانگستۆرگیتل کۆبوونەوە و بەرەو گوستاڤ ئادۆلفس تۆرگتس بەڕێکەوتن.

لە رێپێوانەکەدا بەردەوام دروشم دەوترایەوە و کوشتنی ژنان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە شەرمەزار دەکرا.

لە چالاکییەکەدا پەیامی پشتیوانیی بۆ بەرخۆدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نێردرا .

دەوڵەتی تورکیاش بە دروشمی "تیرۆریست ئەردۆغان" ئیدانە کرا.

ئەو کەسانەی، کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداری چالاکییەکە ببوون، داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

ژ.ت