لە زیندانەکانی سەرحەد و بەحری ڕەش پێشێلکاری مافەکان زۆرە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئیهەدە ڕایگەیاند کە پێشێلکاری مافەکان لە زیندانەکانی سەرحەد وبەحری ڕەش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بەرچاو ڕوودەدات.

ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئیهەدە سەبارەت بە زیندانەکان

کۆمیسیۆنی زیندانەکانی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئیهەدەی ئامەد، لە نێوان ٣٠ی تەمموز و ٣ی ئابدا سەردانی ٨ زیندانی هەرێمی سەرحەد و بەحری ڕەشی کرد. بەتایبەت زیندانەکانی ئەمنی باڵای ئەرزینجان، کە زیندانی ژنانی ئەرزینجانیش سەردان کراون، کۆمیسیۆنەکە سەبارەت بە سەردانی ئەو زیندانانە ڕاپۆرتێکی ئامادە و پێشکەش کرد.

ڕاپۆرتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نوسینگەیی ئیهەدەی ئامەد بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە.

عەلی ئێحسان دەمیرتاش، ئەندامی کۆمیسیۆنی زیندانەکانی دادگای باڵای ئامەد، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کرد: "زۆربەی زیندانییەکان بە شێوەیەکی پێچەوانەی یاسا لە ژوورەکاندا ڕادەگیردرێن.

پێشێلکارییەکان لە زیندانەکاندا بەم شێوەیە ڕیزکراون:

* زیندانییەکان لەکاتی چوونە ژوورەوە بۆ زیندان بە جۆرێک بە گەڕان و ڕووتکردنەوە ڕووبەڕووی سوکایەتی و ئەشکەنجە دەببنەوە، یان دوو ڕۆژە لە ژووری چاودێری ڕاگیردرێن.

*ئەو کتێبانەی بۆ زیندانییەکان دەنێردرێن، ئەگەر وشەی'کورد، کوردستان، دیموکراتیک'ی تێدابێت ناگاتە دەستی زیندانیەکان.

* زۆربەی ڕۆژنامە و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەو داخراون.

*بەهۆی ئەوەی زیندانیان بەشدارییان لە چالاکی "هەڵگرتنی گۆشەگیریی لە زیندانی ئیمرالی و چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد" کردووە، سزای دیسپلین دژی زیندانیان بەکار دەهێندرێت.

*سیستەمی کامێرای چاودێری لە شوێنە تایبەتەکانی زیندانیان وەک شوێنی پشوودان دانراوە کە ئەمە نایاساییە.

* نامەکانی زیندانیان کە سەبارەت بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانە ناگاتە شوێنی مەبەست.

٭ نرخی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان زیاد کراوە. جگە لەوەش ئەو زیندانیانەی هاووڵاتی تورکیا نین، پەیوەندی تەلەفۆنیان هەم کەمکراوەتەوە هەمیش نرخەکەی زیاد کراوە.

*ئەو زیندانیانەی لە ماوەی ڕابردوودا بەشدارییان لە مانگرتنی لە خواردن کردبووە، خراونەتە ژووری تاکەکەسی و سزای دیسپلین بەسەریاندا سەپێنراوە.

دەمیرتاش رایگەیان لە سەرجەم ئەو زیندانیانەی سەردانمان کردووە، مافی زیندانیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەرچاو پێشێل دەکرێت.

دەمیرتاش لە میانەی راگەیاندنی بەیاننامەکەدا ئەو پێشنیارانەی کە ئامادەکرابوون خستۆتە ڕوو و بەگشتی ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری و دابڕین بەرامبەر بە زیندانیان هەڵبگیردرێت، کە وەک ڕێکارێکی ئەشکەنجە بەکاردێن، هەروەها دەبێت، 'یاساکانی ماندێلا' قبوڵ و جێبەجێ بکرێن، زیندانەکان بەپێی مافەکانی مرۆڤ و یاسا جیهانیەکان سەرەراست بکرێنەوە.