لێبوردنی نێونەتەوەیی: ٢٣ منداڵی ١١ بۆ١٧ ساڵان لەخۆپیشاندانەكانی ئێراندا كۆژراون

لەراگەیەندراوێكی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە؛ كۆشتنی منداڵان لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەكان، نیشانەی ئەوەیە كە بەرپرسانی ئێران دەیانەوێـت بەهەرنرخێك بێت، خۆپیشاندانەكانی گەلانی ئێران سەركۆت بكەن.

رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەراپۆرتێكدا راگەیاندوە؛ رۆژی پێنج شەممە؛ ١٣ی تەشرینی یەكەم، چوار منداڵ بەهۆی زەبر بەركەوتن لەسەر و روویان و دوو منداڵی تر بەهۆی چەكی ساچمەیی و ١٧ منداڵی تر بەهۆی تەقەی راستەوخۆ هێزە ئەمنیەكانی رژێم كۆژراون.

بەگوێرەی ئەو ئامارە، لەماوەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەدا كە بەكۆشتن و تیرۆكردنی ژینا ئەمینی دەستی پێكرد، تا دوێنێ، ئەو منداڵانەی بەدەستی هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئیسلامی ئێران كۆژراون، ٢٠ كوڕی یازدە تا حەڤدە ساڵان و سێ كچ كە دوویان شانزدە ساڵە و ئەویتریان حەڤدە ساڵانە كۆژراون.

ئەم رێكخراوە هاوكات رایگەیاندوە؛ ژمارەی راستی كۆژراوەكان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە لەو ژمارەیەی بڵاكراوەتەوە، زیاترە.

هەروەها لەو راپۆرتەدا هاتووە؛ لەسێی ئەیلوولدا "هەینی خوێناوی زاهیدان"، خوێناویترین رۆژی كۆشتنی منداڵان بووە كە لەوێدا لانیكەم ١٠ منداڵی بەلووچ بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی رژێم كۆژراون. لەوانەی حەوت منداڵ بەهۆی فیشەك راستەوخۆ لەسەر دڵ، سەر و بەشە هەستیارەكانی جەستەیان كۆژراون.

لەراگەیەندراوەكەی لێبوردنی نێونەتەوەییدا ئەوەش وتراوە؛ كۆشتنی منداڵان لەچوارچێوەی ناڕەزایەتیەكان نیشان دەدات كە بەرپرسانی رژێمی ئێران دەیانەوێت بەهەر نرخێك بێت، خۆپیشاندانەكان گەلانی ئێران بەزەبری هێز سەركۆت بكەن.

ف.ق